کوردستانی

داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتییان دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتییان دەکرێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک  داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی هاوڵاتییان دەکات و دەڵێت، رەوشەکە زۆر مەترسیدارە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان زیاتر دەکەن و بەردەوام تووشبووان داغڵی نەخۆشخانەکان دەکرێت.

حەمزە رەزیکی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک  هۆشداری لە خراپی رەوشی تووشبووانی کۆرۆنا دەدات و لە لێدوانێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا رەوشی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە و پێویستە رێککاری پێویستی دیکە بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆڵی تووشبووانی ڤایرۆسەکە بکەین"، وتیشی "هەوڵ دەدەین ژمارەی نەخۆشخانە و ئامێرەکانی پێویست بە تووشبووان زیاتر بکەین بۆ ئەوەی بۆ حاڵەتی زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان ئامادەبین".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "رێژەی تووشبووان لەم چەند رۆژەدا زۆر زیادیکردووە بەجۆرێک، لە رۆژێکدا 130 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش 20 حاڵەتیان لە ژیر ئامێری هەناسەداندان و 3 حاڵەتیش لە تووشبووەکان بارودۆخیان ناجێگیرە، سەرەڕایی ئەوەی رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان زیاتر دەکەن و بەردەوام تووشبووان داغڵی نەخۆشخانەکان دەکرێت".

حەمزە رەزیکی داوایەکیشی ئاڕاستەی هاوڵاتییان کرد و جەختیکردەوە "داوا لە هەموو هاوڵاتییان دەکەم لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و خۆشەویستانیان بە بێ کەمامە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و خۆیان بە دوور بگرن لەو جێگانەی کە قەرەباڵغن، بۆ ئەوەی لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە سەلامەت بن".

ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێک پێش ئێستا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، داوایان لێکراوە کە پێشنیازی راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ تاوتوێ بکەن، بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵکشانی زیاتری ڤایرۆسەکە بگیرێت.

ک.ن
 

 

Qaiwan
Qaiwan