سەلمان نادر

سەلمان نادر

بارزانی و سولەیمانی لە غیابی هوشیاری نەتەوەییدا

هەڵوێستی من لە هەمبەر بارزانی لە ناوخۆدا جیایە لە هەڵوێستم لە بەرانبەریدا لە دەرەوە، وادەزانم  جیاوازی نەکردن لەنێوان ئەو دوانەشدا  خاڵی لاوازی پەروەردەی نەتەوەیی ئێمەیە، هەر ئەوەش وایکردووە نەمانتوانیوە لە ئاستێکی گەورەتردا بیر لە شوناس و نەتەوە بکەینەوە.

من بۆ دەرخستنی گەشەنەکردنی هەستی نەتەوەیی دوو نمونە وەردەگرم، یەکەمیان سەردار قاسمی سولەیمانی و ئەوی دیکەشیان مەسعود بارزانی، لە ماوەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی رووداوێکدا ناوی هەردووکیان بوویە باسوخواس.

لە ماوەی رابردوودا سەردار قاسمی سولەیمانی کرایە ئامانج لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە، ئەمەیان بۆ ئێمە زۆر جێی سەرنج نەبوو، چونکە نە شارەزایی سیاسەتمان هەیە و نە لەبواری ستراتیژیشدا کاردەکەین، بەڵکو دیوێکی تری ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرنگ بوو، ئەویش بینینی رووداوەکە لە چاوی ئەوی تری ئێرانییەوە، رۆشنبیرەکانی ئێران بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن چۆن لەم بابەتەیان دەڕوانی، دەتوانم بڵێم لە ئاستێکی باشدا هاوسۆزی دامەزراوە فەرمییەکان بوون، بەشێکیان سەرەڕای ناڕەزایەتیان لە سیاسەت و ئەکتەرە سیاسییەکانی ئێران و جۆری ئیدارەدانی دەوڵەت و سیاسەتی دەرەکی و روانینی ئایدۆلۆژی، بەڵام پێیان وابوو شکۆی نەتەوەیی ئێران شکاوە، لە دەرەوەی دادگا، کارەکتەرێکی ناسراوی دەوڵەتێک، بەشێوەیەکی تیرۆریستی کوژراوە. بۆ ئەمەش دەتوانین ئاماژە بە نووسەرێکی دیاری ئێرانی وەكو د.عەبدولکەریم سروش بکەین، سەرەڕای ئەوەی لە ئێران هەڵهاتووە، بەڵام هاوسۆزی سولەیمانی بوو.

لە بەرنبەردا کاتێک حەسەن نەسروڵڵا یان هەر کەسێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر بارزانی، یان پێشتریش تاڵەبانی، ئێستاکە د.بەرهەم، بەشێک لە کورد لەبری هەستکردن بە شکانی شکۆی نەتەوەیی خەنی دەبن، بگرە بەشێک لە میدیاکان لەکاتی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ هەولێر شاباشی کەوتنی هەولێریان دەبەخشییەوە، ئەمەیە ئێمە دەمانەوێت لەسەری بدوێین.
 
پرسیارێکی سادەیە، چۆن نەتەوە دروست دەکرێت؟ یان نەتەوە چۆن دەبێتە دەرکەوتە؟ چونکە نەتەوە بوونێکی دەرەکی نییە لە دەرەوەی تاکەکانییەوە، نەتەوە بریتییە لە روانینی کۆمەڵێک هاونیشتیمانی بۆ بابەتێکی هاوبەشی مەعنەوی و ئامادەگی بۆ پاراستنی، ئەگەر ئەو دەرک و روانینە نەبوو، شتێک بەناوی نەتەوەوە بوونی نییە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئەو دەرکە هەبوو لە فۆرمی جیاوازی ناسیۆنالیستدا نمایان دەبێت.

لە کۆمەڵناسی سیاسیدا باس لە ئایدیاڵ تایپی جیاواز کراوە بۆ ناسینی ئەو دەرکە، پێدەچێت ئێمە نەتوانین ئایدیاڵ تایپێکی گشتگیر بدۆزینەوە، بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی سەرەتایی ئاماژە بەوە بکەین ئینتیما و وەلائەکان پێمان دەڵێن ئایا نەتەوە لە چ قۆناغێکی مێژووییدا دەرکەوتەی خۆی دەبێت، ئەویش پۆلێنکردنی وەلائەکان، بۆ وەلائی لاوەکی و وەلائی سەرەکی، نەتەوە کاتێک دەرکەوتەی دەبێت، کە ببێتە وەلائی سەرەکی و بتوانێت سەراپای وەلائەکانی تر دابپۆشێت، ئەمە هەنگاوی یەکەمی نەتەوەسازییە، ئەم پنتی سەرەتای نەتەوە دروستکردنە.

مرۆڤ خاڵی نییە لە وەلا‌و، هەر لە خێزان و هۆز و خێڵ و عەشیرەت و شار و ناوچەوە، تا دەگاتە ئایدۆلۆژیا و مەزهەب. تا شێوەزار و لە کنە، وەلائی جیاوازییان هەیە، لای ئێمە ئینتیما لاوەکییەکان لە ململانێدان، زۆر ئاساییە، تەریقەتی قادری کاتێک جێ پێ بۆ نەقشی چۆڵ دەکات، نابێت پێمان وابێت، دەکرێت بێ ململانێ بێت، کاتێک ئیسلامی سیاسی دەیەوێت شەرعیەت لە تەریقەت وەربگرێتەوە بێ گرێ و گۆڵ نابێت، کاتێک جەلالی خۆی وەک بەدیلی مەلایی نمایش دەکات، ناکرێت پێمان وابێت بە سانایی دەگوزەرێت، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت تا کاتێک بێت کە ململانێ لەگەڵ ئینتیما سەرەکییەکەدا نەکرێت، کاتێک ئینتیما سەرەکییەکە دەکەوێتە بەر هەڕەشە، لەو جێگایەنەدا نەتەوە دەرکەوتووە هەمووان ئینتما لاوەکییەکان وەلا دەنێن و دەچەرخێن بەرەو وەلای سەرەکی.
 
گەورەتر بوونی ئینتما لاوەکییەکان بەسەر ئینتیمای نەتەوەدا، دەرخەری ئەو راستییەیە کە هێشتا نەتەوە دروست نەبووە، ئێمە لە قۆناغی پێش نەتەوەداین ـ پرینەیشن ـ ئەگەر لە قۆناغی پێش نەتەوەدا نەبین، هەمووان هێرشەکانی نەسروڵڵامان بە شکانی شکۆی نەتەوەیی دەزانی، ئەمەش بەرپرسیاریەتی رۆشنبیری و سیاسی هەموانە، بە خودی حزبە سیاسییەکان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و سەرۆکایەتییە جیاوازەکانیشەوە. کە دەکرێت لێرەشدا بەشێک لە رەخنەکان روو لە خودی بارزانی ببن، بۆچی لەماوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک دامەزراوەیەکی فەرمی نەیتوانیوە دامەزراوەکەی بەرەو رۆڵی نەتەوەسازی ببات، بۆچی سەرقاڵی هەندێک ئینتیمای لاوەکی بووە، لەکاتێکێدا نەتەوەیەک چاوی لە دەستی ئەو بووە بۆ نەتەوەسازی، هیوادارم لە داهاتوودا پێگە و کارێزمایی کەسی خۆی لە خوڵقاندنی ئینتیما گەورەترەکە و بە رەمزبوونی نەتەوەیی زیاتردا خەرج بکات. ئالێرەوە جیاوازییەکان دەردەکەون، نەتەوە و نا نەتەوە جیا دەبنەوە.
https://www.youtube.com/watch?v=lpf6rK9TeOA
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan