سەلمان نادر

سەلمان نادر

من هاوڕای قوباد تاڵەبانیم؛ خۆزگا نەوتمان نەبووایە

قسەیەکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بووە پرسێکی سۆشیاڵ میدیایی، هەڵبەتە ئەم قسەیە بەشێکی پەیوەستە بە تێڕوانینێکەوە کە پێیوایە وەزیفەی تاڵەبانی بچووک ئیدارەدانی ئەو مەلەفەیە نەک لێهەڵهاتنی، هەندێکیش پێیانوایە ئەو دەربڕینە جۆرێک لە بێئومێدی لە چاکسازیی مەلەفی نەوتدا لێدەخوێندرێتەوە، بەدەر لەوانە کە هەموویان ئەگەری دروستن، بەڵام من دەمەوێ گۆشەیەکی تری ئەو پرسە بخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە ئایا نەوت دەکرێ رێگر بێت لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، وادەزانم ئەم پرسە دەبوو پرسێکی زیندوو بێت لە شیکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێمەدا.

بەشێک لە لێکۆڵەرەکانی بواری ئابووریی سیاسی پێیانوایە کێشەی نەوت لە وڵاتانی دواکەوتوودا رێک لە کێشەی ئەو پیاوە هەژارە دەچێت بلیتێکی یانسیب یان کوپیەک ئاڵتون دەدۆزێتەوە، ئەم کوپە ئاڵتونە ژیانی ئەو ناگۆڕێت، چونکە تەنها خەرجکردن دەزانێت، لەوانەیە لە سەرەتاوە خەرجکردن خێرا نەبێ، بەڵام بەخێرایی هەستەکات خەرجکردنیش هەڵدەکشێ، بۆیە سەردەکاتە خەرجکردنی ئاڵتونەکە تا تەواوی دەکات، کاتێک ئاخر پارچە زێڕ دەفرۆشێت هەستەکات نەخێر منداڵەکانیشی لەدەستداوە، ئیتر منداڵەکانی ناتوانن وەک جاران بژین، ناتوانن جلی دڕاو لەبەرکەن و هیچیشیان پێناکرێت، هەموو عومری بەحەسرەتی هەدەردانی ئەو زێڕە جوانە و ئاشوبی ماڵەکەی دەگوزەرێنێت، من دەزانم ئەگەر ئەو یانسیبە یان زێڕە بکەوێتە لای کەسێکی ناوبازاڕ و شارەزا گەشەی بەخۆی دەدا، وەلێ دەبێتە موسیبەتی ژیانی هەژارەکە، بۆیە نەوت موسیبەتی ئەو وڵاتانەیە کە سیستمێکی گەشەی ئابووری و سیاسیان نییە.

خوان بابلۆ پێرێز (Juan Pablo Pérez Alfonzo) وەزیری نەوتی پێشوو لە ڤەنزوێلا وتەیەکی هاوشێوەی ئەوەی قوباد تاڵەبانی هەیە "نەوت پیسیی شەیتانە، ئێمە لەناو پیسیی شەیتاندا نغرۆ بووین"، مەلیک ئیدریسی سەنوسیش کاتێک پێی دەڵێن لە لیبیا نەوت دۆزراوەتەوە دەڵێت خۆزگە ئاو بووایە، دەزانم مەلیک هۆکارێکی تری هەبووە بۆ ئەم قسەیە، نەک زانینی بەڵای نەوت. ئەمەش پرسیارە لای من ئایا تاڵەبانی لە باکگراوندێکی مەعریفی تیۆرییەوە لەبارەی ئابووریی کرێخۆریەوە ئەم بۆچوونەی دەربڕیوە یان هەر کێشەی کردەیی نەوت و قەرز و ئاڵۆزی و بەهێزیی جەمسەرەکانی قەیرانەکە ئەمەی بۆ دروستکردووە، بەکورتی ئایا وەک خوان بابلۆ ئەمەی وتوە یان وەک مەلیک ئیدرسی سەنوسی؟

مایکڵ رووس لە کتێبی نیقمەتی نەوتدا دەڵێت، وڵاتە نەوتییەکان نە دیموکراسیترن، نە ئاسایشترن بەراورد بە سی ساڵی رابردوویان، بە واتایەکی دیکە کاتێک نەوت لەو وڵاتانە گەشە دەکات، نە دیموکراسییەت گەشەی کردووە، نە ئاسایشیش، بگرە نە ئابووریش، زۆریان هەژارتر بوون، 
بەراورد بە ساڵی 1980 عیراقی داهاتی تاک لە ساڵی 2006دا 85٪ کەمیکردوە، جا وەک دەوترێت نازانرێ عیراق نەوتی فرۆشتوە یان کڕیویەتی ئەمە پێی دەوترێت نەفرەتی نەوت، نەفرەتی سەرچاوە، نەفرەتی کانزا.

سەدام حسێن کاتێک پارەی مۆڵی نەوتی هاتەدەست چیکرد، گوندەکانی راگواست، جگە لەوەی ئەو مرۆڤانەی فێربووبوون بەچنگەکڕێ لە هەورامان و زمناکۆ و گەرمیان نانی خۆیان چنگ بخەن بردنیە کەمپێکەوە هیچیان لە بازاڕ نەدەزانی، پارەی دنیای خەرجکردە قەرەبوو، نە ئەوان سوودیان لە پارەکە بینی نە عیراقیش سەقامگیرییی وەرگرت.

جگە لەوەی دەوڵەتە نەوتییەکان ئەگەری دیکتاتۆرییەت تیایاندا دوو هێندەی دەوڵەتی نا نەوتییە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی نەوتیدا دوو هێندەی وڵاتانی نا نەوتی بووە، بەدەر لەوەش زۆرترین زانیاریی شاردراوە، زۆرترین ناجێگیری ئابووری، زۆرترین ناعەدالەتی سیاسی و ئابووری لە وڵاتانی نەوتیدا بووە، کەمترین مافی ژن تیایاندا گەشەی کردووە، ئەمانە هەموویان پێمان دەڵێ نەوت لێرە نەک نەیتوانیوە ژیانی خۆش فەراهەم بکات، بگرە خراپتری کردووە.

ئەگەر وردببینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرترین سەركوتكردن، کەمترین دیموکراسی، لاوازترین چاکسازیی ئابوورییان تیادایە، لەوانەیە بەشێک ئەم ناجێگیرییە ببەستنەوە بە کولتووری ناوچەکەوە، هەندێکیش باس لە کۆڵۆنیالیزم بکەن، بەڵام ناتوانرێ چاوپۆشی لە رۆڵی نەوت لەم ناوچەیەدا بکرێت.


خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan