کوردستانی
"تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس نییە"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
دوای ئەوەی کەمێک پێش ئێستا دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەو تاقیکردنەوانەی کە لە نەخۆشخانەی ئاسا ئەنجام دەدرێت، دەرکەوتووە جگە لە نەخۆشیی کۆرۆنا، ڤایرۆسی سارسیش بڵاوبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی راگەیەندراوێکی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە جارێ بابەتەکە روون نییە.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی رایگەیاندووە "هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە جۆرێکی ڤایرۆسی سارس SARS لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە، بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاوڵاتییان رونبکەینەوە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی پەسندکراو نییە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستیی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات وە تەنها وەزارەتی تەندروستیی تاکە سەرچاوەی فەرمی راگەیاندن دەبێت، لەسەر هەمان بابەت د. سەباح هەورامی، بەرێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە "هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەست نییە، بۆ بوونی حاڵەتی تووشبووی بە حاڵەتی ڤایرۆسی سارس لەشاری سلێمانی، بەدواداچونی ورد بەردەوامە بۆ ئەو بابەتە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە راگەیەندراوەکەی نەخۆشخانەی ئاسادا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە پشكنینە نوێكاندا دەركەوتووە كە لە ئێستادا جگە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤایرۆسی سارس لە ناو هاوڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە".
ک.ن
ک.ن