چاوپێكەوتن

پێنجوێنی: عومەر عەلی دژی كورد، بارزانی و شیوعییەكان بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێنجوێنی: عومەر عەلی دژی كورد، بارزانی و شیوعییەكان بوو
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی دیاری باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی مەودا میدیا باسی لە کەسایەتی و ژیانی عومەر عەلی، موتەسەڕیفی شاری سلێمانی لەنێوان ساڵەكانی 1954 بۆ 1957 دەكات.

عومەر عەلی بەیرەقدار، پارێزگارێكی جیاواز بووە، دژی كورد و شیوعییەكان كاری كردووە، هەروەك سەرۆكایەتیی هێزێكی تایبەتیشی بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئیسرائیل كردووە. لەم چاوپێكەوتنەدا سیاسەتڤانی دیاری كوردستان محەمەد ئەمین پێنجوێنی بە كورتی قسە لەسەر كەسایەتی و كارەكانی ئەو موتەسەریفە كوردە دژە كوردە دەكات.


بەشێوەی جیاواز باس لە كەسایەتی عومەر عەلی بەیرەقدار، موتەسەڕیفی پارێزگای سلێمانی لەنێوان ساڵەكانی 1954- 1957 دەكرێت، ئێوە پێتانوایە کەسێکی چۆن بوو، بۆچی حکومەت کردیە موتەسەریفی سلێمانی؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: عومەر عەلی دژ بە کورد و شیوعییەكان بوو، ئەوکاتە حکومەت بۆ ئەوە کردیە موتەسەڕیفی سلێمانی بۆ ئەوەی ئەو چالاکییە سیاسییانەی کە لە سلێمانیدا زۆر بوون سەرکوتی بکات بە تایبەت چالاکییە سیاسییەکانی پارتی و شیوعی "ئەوکاتە ئەو دوو هێزە هەبوون لە سلێمانی"، چونکە لەو سەردەمەدا هەر کەسێک مەیلی نیشتمانپەروەریی هەبووایە دەەبوو سەرکوت بکرێت.

دەوترێت زۆر كەسی دیار و نیشتمانپەروەری زیندانی كردووە، چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكرد؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو چالاکوانانەی کە دەستگیر دەکران بە دوو شێواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردن، یەکەمجار ئەشکەنجەی دەدان، دواتر بەڵێننامەی پێ پڕدەکردنەوە کەوا نە پارتی بن و نە شیوعی و نە کوردایەتی بکەن و دژی بارزانی بن، چونکە لەو سەردەمە هەرچی کوردایەتی بکردایە دەیانوت سەر بە بارزانییە.

بەڵام ئێمە زانیارییمان هەیە و بۆ ئەوەش بەڵگە هەیە كەوا بەشێك لە مەلاکانی سلێمانی بە باشی ناویان بردووە، ئەوەیان بۆچی؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: عومەر عەلی لەو سەردەمەدا گرنگی زۆری بە هێزە ئیسلامییەکان دەدا، چونکە دەیویست لە رێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە خەڵک هانبدات دژی شیوعی و پارتی و کوردایەتی، هەروەها مامۆستا ئایینییەکانیش عومەر عەلی-یان خۆش دەویست و رێزیان لێدەگرت و عومەریش رێزی دەگرتن و پارەی دەدانێ.

لایەنێكی دیكە كە باسی لێوە دەكرێت ئەوەیە عومەر عەلی لە رووی خزمەتگوزارییەوە بۆ شاری سلێمانی باش بووە، ئەگەر دژی كورد بووە، بۆچی خزمەتی شاری دەكرد؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لە رووی خزمەتگوزارییەوە بۆ شارەکە باش بووە و سەردانی نەخۆشخانە و خوێندگەکانی دەکرد و داوای دەکرد گرنگی بە خوێندن بدرێت، ئەم کارانەی دەکرد هەم وەک بانگەشە و هەمیش دەیویست شوێنپێیەکی کۆمەڵایەتی وا لە سلێمانی دروستبکات ئەو ئەرکەی پێدرابوو بە باشی بیکات.

هەر لەبارەی كەسایەتیی عومەر عەلییەوە دەوترێت ئەو کەسانەی سمێڵیان هەبووایە دەستگیری دەکردن، ئایا ئەمە راستە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: عومەر عەلی هەر پیاوێک سمێڵی هەبووایە دەستگیری دەکرد، چونکە پێی وابوو ئەو کەسانەی سمێڵیان درێژ و فشە سەر بە شیوعین، هەروەها زۆر کەس دەستگیر دەکرا لەسەر سمێڵی هەر نەشیدەزانی شیوعی چییە و سمێڵیان پێ دەتاشی.

عومەر عەلی دژی خولە پیزەش وەستایەوە، بەچی رێگەیەك لەناوی برد؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لە سەردەمی ئەودا دژایەتی خولە پیزە دەکرا، عومەر عەلی لە ناو گروپەکەی خولە پیزە چەند کەسێکی کڕی و لە رێگەی ئەوانەوە توانی جوڵەکانی ئەو گروپە لەناوببات.