بەناز  مەحمود

بەناز مەحمود

یەكڕیزی و گرەنتیی سەركەوتن

ئەزموونە سیاسییەكان دەریدەخەن، هەموو كات یەكڕیزی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و خەباتی نەتەوەیی هۆكاری سەركەوتن بووە. لە سەردەمی خەباتی شاخ، كاتێك بە هەوڵی سەرۆك مام جەلال، بەرەی كوردستانی دروستكرا بووە هۆكاری یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان لە شاخ و دواتریش سەركەوتنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانی بەدوادا هات و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی خۆماڵی بەرهەمی ئەو یەكڕیزییەن.

بوونی چوارچێوەیەكی هاوبەش بۆ كاركردن گرنگە، بەتایبەت لەئێستادا كە باوردۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان ناجێگیر و لە عیراقیش سیاسەتێكی تاڕادەیەك دژە كورد پەیڕەو دەكرێت. ئەو چوارچێوە هاوبەشە بۆ كاركردن دەبێتە هۆی داڕشتنی ستراتیژێكی نیشتمانی بۆ ئەوەی ئەرك و ئامانجەكانی قۆناغی ئێستای كاركردنی سیاسی لە ناوخۆ و عیراقیش دیاری بكرێت و كاری لەسەر بكرێت.

بۆ ئامانجێكی وا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام خاوەنی دەستپێشخەریی بووە، بەتایبەت ئەوكاتانەی كە مەترسیی لەسەر كوردستان و داوا رەواكانی دروستبووە، ئەوكاتانەی دوژمنەكان دژی كوردستان یەكیانگرتووە و ویستوویانە لەناوی ببەن.
هەڵبەت كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، یەكگرتووییەكی زیاتر دروستكرد و وایكرد سەركردایەتیی نوێ ستراتیژێكی گونجاوتر دابڕێژێت و رۆڵی یەكێتی زیاتر كارا بكاتەوە و ببێتە دەنگ و رەنگی خەڵك.

بۆ ئێستای كوردستان سێ شت زۆر گرنگن كە ئەمانەن:
یەكەم: كۆبوونەوەی حزبەكانی كوردستان بۆ دانانی بەرنامەیەكی كاركردنی هاوبەش كەوا مافەكانی خەڵك و باشتركردنی دۆخی ئابووری بكرێنە بنەما و حكومەت ناچاربكەن جێبەجێیان بكات.

دووەم: بەرنامەیەك دابنرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عیراق بكرێت و فشار بكەن بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت و قەیرانی ئابووری نەمێنێت.

سێیەم: بە یەكگرتوویی هەوڵی چاكسازیی سیاسی و ئابووری بدەن و ئەو متمانەیەی لەنێوان خەڵك و حكومەت نەماوە دروستی بكەنەوە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژیانی ئابووری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و كەمبوونەوەی مەترسییەكان و كوردستان بەرەو سەركەوتن دەبات.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan