کوردستانی

کوردستان پابەندبوونی خۆی راگەیاند و چاوەڕێی رەزامەندی عیراقە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کوردستان پابەندبوونی خۆی راگەیاند و چاوەڕێی رەزامەندی عیراقە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی حکومەتی عیراقی دایەوە لەبارەی پابەندبوونی بە خاڵەکانی یاسای قەرز کە لە ماوەی رابردوودا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەند کرا.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە 8ی کانونی یەکەمی 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پابەندبوونی بە یاسای قەرزەوە راگەیاند و بە نووسراو ئاراستەی حکومەتی عیراقی کرد".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا "لە ئێستادا حکومەتی عیراق لە کۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و ئێمەش چاوەڕوانی تەواوبوونی کۆبوونەوەکە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین حکومەتی عیراق چ بڕیارێک دەدات لەسەر ئەو پرسە و کەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".

هاوکات، خالید شوانی، وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری بەغدا رایگەیاند  "داوامانکردوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا (هەرێم و عیراق) کۆببنەوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاساکە".

باسی لەوەشکردووە "داواکارین حکومەتی فیدراڵ ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران کە لە یاساکەدا ئیقرار کراوە دابین بکات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan