کوردستانی

راگه‌يه‌ندراوى كۆبوونه‌وەى هاوبه‌شى يه‌كێتى، پارتی و گۆڕان

مەودا میدیا - سلێمانی |


راگه‌يه‌ندراوى كۆبوونه‌وەى هاوبه‌شى يه‌كێتى، پارتی و گۆڕان
مەودا میدیا-

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8/12/2020 به‌ سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى پارتى ديموكراتى كوردستان، يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌چوو".

ئاماژە بەوەکراوە "كۆبوونه‌وه‌ بڕيارى دا به‌ زووترين كات‌ شاندێكى باڵاى سياسى و حكوميى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ‌ گه‌يشتن به‌ رێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تايبه‌تيش بابه‌تى ماف و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و جێگيركردنيان له‌ پڕۆژه‌ياساى بودجه‌ى 2021ى عیراقدا".

هەروەها كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر پشتگيريى چاكسازييه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ داهات و خه‌رجيى هه‌رێم و گرتنه‌به‌رى هه‌موو هه‌نگاوێكى پێويست كرده‌وه‌ بۆ دابينكردنى مووچه‌ى مانگانه‌ى مووچه‌خۆران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داوا ڕه‌واكانيان.

ئەوەش هاتووە "كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خۆپيشاندانى مه‌ده‌نيانه‌ى دوور له‌ گرژى و په‌لاماردانى دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كان و سه‌روماڵى هاوڵاتيیان، مافێكى رە‌وايه‌ و لايه‌نه‌كان جه‌ختيان له‌ به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش كرده‌وه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هاوڵاتيیان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى نه‌خوازراوى هه‌رێمى كوردستان، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و پارێزگاريكردن له‌ قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا".

س.س
Qaiwan
Qaiwan