کوردستانی

مەسرور بارزانى: خەڵکانێک خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە و مه‌به‌ستی تری له‌ پشته‌وه‌ بووه

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانى: خەڵکانێک خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە و مه‌به‌ستی تری له‌ پشته‌وه‌ بووه
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بابه‌تی گرنگ کۆبووەوە، کە رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئه‌و رووداوانەی ئەم دواییە مه‌به‌ستی تری له‌ پشته‌وه‌ بووه‌، خه‌ڵكانێک خزاونه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ره‌وته‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و په‌لاماری فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و باره‌گا حزبییه‌كانیان داوە".

مەسرور بارزانی جەختیشیکردووەتەوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفته‌كان و راستکردنەوەی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌بارەیە، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق بگه‌ین به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر  مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "خه‌ڵكانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانەوە هاتوون و كێشه‌یان دروست كردووه‌، پێشمه‌رگه‌ به‌ گوله‌ی قه‌ناس شه‌هید كراوه‌ و به‌ ئاڕ پی جی هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكان، كه‌واته‌ ئه‌وانه خۆپیشانده‌ر نین و كه‌سانێكن ده‌یانه‌وێ په‌لاماری ده‌ستكه‌وته‌كانی هەرێم بدەن".

مەسرور بارزانی لەبارەی گرێبەستی نەوتی هەولێر و ئەنقەرە، رایگەیاند "گرێبەستەکە تەنیا بۆ گواستنەوەی نەوتە، هیچ بڕە نەوتێک پێشوەختە بە تورکیا نەفرۆشراوە و داهاتی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت، کە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری و بۆ دابینکردنی بژێویی خەڵکی کوردستان بڕیاری هەناردەکردنیاندا، روون و ئاشکرایە".
Qaiwan
Qaiwan