کوردستانی

بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ: بە بەشداريی هەموو لایەنەکان ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ: بە بەشداريی هەموو لایەنەکان ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت
مەودا میدیا-

بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی كوردستان.

نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆسرەت رەسوڵ،  سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە ‎‎ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٤/١/٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێشوازیكرد لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و لە دیدارەکەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی دۆخی عیراق و رۆڵی كورد لە عیراقدا.

بەپێی ناوەڕۆکی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە "دەبێ كورد بە یەكگرتوویی و وەك یەك تیم هەنگاوبنێ بە ئاراستەی چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و سەركردە سیاسییەكان بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان هەنگاو بنێن و بە یەك گوتاری هاوبەش و پڕۆژەی نیشتمانیەوە كاربكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

ئاماژە بەوەشکراوە کە هەریەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی و سەرۆك كۆماری عیراق بە گرنگیانزانی حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتنێكی گشتگیرو پتەو لەژێر چەتری دەستووری عیراق، كە تێیدا مافە دەستووری و یاساییەكان بپارێزرێ.

‎لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێ بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكان ئەم دۆخە تێپەڕێنرێ و كێشەو قەیرانەكان كۆتاییان پێ بهێنرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا کۆسرەت رەسوڵ سەردانی ماڵی بەرهەم ساڵحی کرد و لەو دیدارەی پێشووشدا هەمان ئەو تەوەرانە باسکرابوون کە لە راگەیەنراوکەی ئەم ئێوارەیەدا ئاماژەی پێکراوە.

ب.م
Qaiwan
Qaiwan