کوردستانی

پارتی: پەکەکە لە شنگال دەرنەکراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی: پەکەکە لە شنگال دەرنەکراوە
مەودا میدیا-

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند تائێستا "پەکەکە لە شنگال دەرنەکراوە" و جەختیشدەکاتەوە کە هێشتا هیچ خاڵێکی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگال جێبەجێنەکراوە.

قادر قەچاخ بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە حزبەکەی بەنیازە بیکاتە قائیمقامی داهاتووی شنگال، بە میدیای فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە "تائێستا هیچ خاڵێکی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەست بە دۆخی شنگال جێبەجێنەکراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: دۆخی شنگال زۆر زۆر خراپە و تا ئێستا هیچ شتێك بە ناوی رێككەوتنەوە بوونی نییە، چونكە نە پەكەكە دەركراوە و نە حەشدیش چووەتە دەرەوە.

قاچاخ، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێستا بێجگە لە پەکەکە و حەشدی شەعبی هێز و گروپی چەکداری تریش لە ناو شنگالدا هەن و دۆخەکە لە دۆخی پێش رێککەوتنەکە خراپترە.

ماوەی نزیکەی سێ مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، رێککەوتنێکیان لەبارەی دۆخی شنگال واژۆکردووە و بڕیار وابوو تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرایە کە ناوەڕۆکەکەی بریتیبوو لە دورخستنەوەی هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە و دانانی قائیمقامێکی نوێ و دروستکردنی هێزێکی چەکداری نوێ بۆ پاراستنی خەڵکەکەی.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan