کوردستانی

مەلا بەختیار: شاندی كوردستان نەیتوانی مووچەی یەك مانگ لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەلا بەختیار: شاندی كوردستان نەیتوانی مووچەی یەك مانگ لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە
مەودا میدیا-

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند پیلانگێڕی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و ئەگەر سەركردەی حزبەكان بە ئاگا نەبن، ئەوا كوردستان بە قەڵبەیەكدا دەدرێت، ئاماژە بەوەش دەكات دوایەمین شاندی هەرێم نەیتوانی مووچەی مانگێك لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانەی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكانی كەركوك وتی "هەڵەیەكی گەورەیە تێنەگەین كە سیاسەتی نێودەوڵەتی هی سی ساڵ لەمەوبەر نییە، سەركردایەتی هەر حزبێك، لەگەڵ رێزمدا بۆ هەموویان، ئەگەر تێنەگەن سیاسەتی نێودەوڵەتی روو لە گۆڕانە و گۆڕانكارییەكەش هەمووی لە قازانجی كورد نییە، ئەوا كورد بە قەڵەبەیەكدا دەچێت".

لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، روونیكردەوە "دڵنیام رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوان دەوڵەتە گەورەكان‌ و دەوڵەتانی هەرێمایەتی لە رێگەدایە، ئەمەش دەبێ‌ بیرمان بخاتەوە كە دەوڵەتە ئیقلیمییەكان لە تەنگانەدا مافی كوردیان نەسەلماند، ئایا لە رێككەوتنێكی نوێی نێودەوڵەتیدا كە زلهێزەكان پێویستی بەم دەوڵەتانەیە، مافی كورد دەسەلمێنن".

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا، مەلا بەختیار باسی لەوەكرد "ئەنجامی سێ‌ هەفتە سەردان و گفتوگۆكانی دوایەمین شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا روونە، كە نەیتوانی مووچەی مانگێك لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە".

سەبارەت بە بوونی مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە قسەیەكی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی دانووستانكاری كوردستان كرد و وتی "وتەكەی كاكە قوبادیش لە پەرلەمانی كوردستان كە وتی: نەك مووچەیان نەداینێ‌، بەڵكو پیلانێگێڕیش لەسەر بوونی هەرێمی كوردستان هەیە وادەكات تابلۆی عیراق وا ببینم، كە هەورێكی رەشی چڵكن سەری عیراقی گرتووە. هۆكاری یەكەمیش داتەپینی ئابورییە‌و هۆكاری دووەمیش نەبونی دیموكراسییە".
Qaiwan
Qaiwan