کوردستانی
ئەم ساڵ کوردستان دووچاری وشکەساڵی دەبێتەوە یان نا؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی هەرێم لەبارەی ئەگەری روودانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدات و ئەو ئەگەرە بە دوور دەزانێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ میدیاکانی ناردووە، ئاماژەی بەوەکردووە کە "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە وا هەن و ئەو پێشبینیانەی کە دەکرێتن دەتوانین بڵێین وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ جیاوازبووە لەگەڵ ساڵانی پێش خۆی بەهۆی ئەوەی باران لەسەرەتا دواکەوت".
ئاماژەی بەوەشکردووە کەمی بارانبارین دڵەڕاوکێیەکی لای هاوڵاتیان دروسترکردووە و گومانیان هەیە لەوەی ئەمساڵ وشکەساڵی بێت.
ئاشکراشیکردووە، کە بەپێی پێشبینییەکانیان لە ناوەراستی ئەم مانگەوە دووبارە وەرزی زستان خۆی نوێ دەکاتەوە و دوو تا سێ نزمە پاڵەپەستۆ دێتە ناوچەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی بارانبارین و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ئەو رێژەی کە پێشتر باریوە.
فازڵ ئیبراهیم جەختیکردووەتەوە کە ئەگەرێکی دوورە هەرێمی کوردستان دووچاری وشکەساڵی بێتەوە و دەبێت هاوڵاتیان گوومانیان لەو بارەیەوە نەبێت.
ب.م