کوردستانی
شاسوار عەبدولواحید: هاوڵاتیان لەم ژیانە ڕزگاردەکەین
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا رایگەیاند دڵنیان ئامانجەکەیان دێتە دی کە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی و گۆڕینی ژیانی خەڵکە.
شاسوار عەبدولواعید بەبۆنەی تێپەڕيینی سێ ساڵ بەسەر کۆنگرەی دامەزراندنی نەوەی نوێدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: سێ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا دەستمان کرد بە دروستکردنی جوڵانەوەیەکی جیاواز.
نوسیویشیەتی: ئامانجمان داهاتووە، وە دڵنیایشین سەد لە سەد لە داهاتودا ئەو ئامانجەی دامانناوە دێتە دی، ئەویش بریتییە لە گۆڕینی حوکمڕانی ئەم هەرێمە و پێشخستنی و رزگارکردنی هاوڵاتییان لەم ژیانە.
لە پەیاماکەیدا ئەوەش هاتووە "دوای چوار مانگ لە دروستبون ، سەرباری دژایەتی دەسەڵات و زۆربەی حیزبە تەقلیدییەکان بۆ ئەم جوڵانەوەیە، وە سەرباری تەزویریش، بەڵام بە چوار مانگ بوینە هێزی چوارەم و نزیکەی ٢٠٠ هەزار دەنگمان هێنا لە یەکەم هەڵبژاردندا".
روونیشیکردووەتەوە "رەنگە لێرە و لەوێ هەوڵی تر هەبێت بۆ لەناوبردنی ئەم هێزە یان ساردکردنەوەمان یان دژایەتی تر، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە ئەوانەن کە رەسەنن و پشودرێژن و ئامانجی درێژخایەنیان هەیە و توانای بەرگرییان هەیە، هەم بەرامبەر بە فشار، وە هەم بەرامبەر بە پارە و بە دەسەڵات".
نەوەی نوێ لە کۆتایی ساڵی 2017ەوە دەستی بە خۆيڕێکخستن کرد و سەرەتای ساڵی 2018 کۆنگرەی دامەزراندنی بەست و لە کۆنگرەکەدا شاسوار عەبدولواحید کرا بە سەرۆکی جوڵانەوەکە.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق توانی چوار کورسی بەدەستبهێنێت و لە پەرلەمانی کوردستانیش هەشت کورسی بەدەستهێنا، بەڵام فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشایەوە و چوار لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی کوردستانیشی وازیانهێنا.
ب.م