کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامی کۆتایی بۆ گۆڕان نارد

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامی کۆتایی بۆ گۆڕان نارد
مەودا میدیا-

مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیاریداوە، بەپێی ژمارەی ئەو کورسیانە مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بکات کە سبەینێ لە پەرلەمان دەنگ بە کاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان دەدەن.

بڕیارە سبەینێ لە پەرلەمانی کوردستان متمانەدان بە کەمال ئەتروشی، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بخرێتە دەنگدانەوە و تا ئێستاش یەکلایی نەبووەتەوە سەرجەم پەرلەمانتارانی گۆڕان دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی دەدەن یان نا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی مەودا میدیا دەستی کەوتوون، پارتی گوومانی هەیە لەوەی سبەینێ هەر 12 پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەنگ بە کاندیدەکەی بدەن.

 گۆڕان 12 ئەندامی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو بزوتنەوەیە شەش لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە پەیوەست نابن بە بڕیاری بزوتنەوەکەوە و هەڵوێستیان جیاوازە.

مەودا میدیا زانیویەتی کە ئەمشەو، مەکتەبی سیاسیی پارتی، دوا پەیامی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە، پەیامەکە بەشێوەیەکە کە بە بزوتنەوەی گۆڕان وتراوە "سبەینێ چەند پەرلەمانتارتان دەنگیان بە کاندیدەکەمان دا، بە ئەندازەی ئەو ژمارەیە مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین و پۆستە حکومیەکانتان رادەست دەکەین".

ئەم پەیامە پێشتریش لە رێگەی ئومێد خۆشناوەوە درابوو بە گوێی بزوتنەوەی گۆراندا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ناوبراو لە وەڵامی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە وتبووی "سەردەمی موراجەعەتە" ئاماژەی بەوەکردبوو کە "بۆ پارتی دە هێندە سەردەمی موراجەعەتە".

خۆشناو ئاماژەی بەوەشکردبوو، کاتێک کە پارتی و گۆڕان رێککەوتن وا رێککەوتین کە گۆڕان 12 کورسی هەبێت نەک پێنج شەش کورسی.

مەودا میدیا قسەی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان کرد بۆ ئەوەی بزانێت دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی دەدەن یان نا، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون قسە لەو بارەیەوە بکەن.

یەکێک لە پەرلەمانتارەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی "ئێمە تێبینی جدییمان لەسەر ئەدای حکومەت و رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان هەیە، بەڵام سبەینێ بڕیار دەدەین کە دەنگ بەو کاندیدەی پارتی بدەین یان هەر سبەینێش هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین" ئەو پەرلەمانتارەی ئەم قسەیەی بۆ مەودا میدیا کرد یەکێکە لە پەرلەمانتارە ناڕازییەکان و پابەندی فراکسیۆنی حزبەکەی نییە لە پەرلەمان. 

پارتی و گۆڕان رێککەوتنی سیاسییان هەیە و بەیەکەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە و ماوەیەک هەندێک لە بەرپرسانی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە.

ب.م
Qaiwan
Qaiwan