کوردستانی
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان رۆژێکی سەخت بەڕێدەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە بۆ متمانەدان بە کاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڵام زیاتر لە 25 پەرلەمانتار داوایانکردووە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
بەگوێرەی کارنامەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت کە تایبەتە بە متمانەدان بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئێستا لە سەرەتای پشووی زستانەی خۆیدایە، بەڵام بۆ متمانەدان بە کاندیدەکەی پارتی کۆبوونەوەی نائاسایی سازکردووە ئەوەش بووەتە جێی ڕەخنەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان.
هەر ئەوکاتەی کە کارنامەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمان ڕاگەیەنرا، زیاتر لە 25 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردەوە و داوایانکرد کە لە کۆبوونەوە نائاسایییەکەدا پرسی دواکەوتن و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەو پەرلەمانتارانە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەڵوێستی توند وەربگرن و رێگە نەدەن هەر وا بە سانایی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکلاکەرەوەیە، چوونکە لەوێدا دەردەکەوێت چەند لە پەرلەمانتارەکانی پابەندن بە بڕیاری بزوتنەوەکە.
شەوی ڕابردوو مەودا میدیا بڵاویکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە و پێی وتووە: سبەینێ چەند پەرلەمانتار دەنگ بە کەمال ئەتروشی بدەن بۆ بوون بە وەزیری سامانە سروشتییەکان، حسابی ئەوەندە کورسی بۆ گۆڕان دەکرێت.
کابینەی نۆیەم، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە دەستبەکار بووە، تا ئێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان بە چۆڵی ماوەتەوە، لە کابینەی پێشوودا ئاشتی هەورامی ئەو پۆستەی بەدەستبوو، ئێستا پارتی دەیەوێت کەمال ئەتروشی لەو جێگەیە دانێت.
کەمال ئەتروشی کێیە؟
تەمەنی لە سەروو 65 ساڵە.
جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانێت
لە مانگی تەممووزی 2019وە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ وزە.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2017وە جێگری سەرۆکی کۆمپانیایەکی کوێتیی تایبەت بە گاز و نەوتە.
لە نیسانی 2014 تاوەکو ئایاری 2015 راوێژکاری باڵای کۆمپانیای تۆتاڵی تایبەت بە نەوت و وزە بووە.
لە ئابی 2012 تاوەکو نیسانی 2014 راوێژکار بووە لە کۆمپانیای KUFPECیی کوەیتی تایبەت بە نەوت.
ساڵی 1987 بۆ 1991 دکتۆرای لە بواری جیۆفیزیکس لە زانکۆی بۆردوی فەرەنسی بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1991 بۆ 1994 وەکو توێژەر لە پەیمانگەی پێترۆڵیۆمی فەرەنسی کاری کردووە.
لە ساڵی 1971 بۆ 1975 لە زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە زانستی جیۆفیزیکس و زانستی بوومەلەرزەزانی بەدەستهێناوە.
ب.م
ب.م