کوردستانی
شیرین ئەمین: دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی نادەم
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا مییدا-
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حزبەکەیەوە هۆشداری پێدراوە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان بدات.
شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەلاپەڕەی تیبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان نادات.
ئاماژەی بەوەشکرد "دەنگ بە کاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەکان نادەم، چونکە روونە هیچ شەفافیەتێک نیە لەو وەزارەتە بۆ هاوڵاتییانی بەش مەینەتی کوردستان".
روونیشیکردووەتەوە "هیچ کات ئامادە نیم متمانەی نزیک 14 هەزار دەنگی خوشک و برایانم بدەم بە وەزیرێک سبەی داهاتی نەوتەکەمان بخاتە خزمەتی خۆیەوە".
ناوبراو نووسیوویشیەتی "بۆ بیرهێنانەوەشتان پێشتر دەنگم نەداوە بە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی".
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە بە بڕیاری فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، هەر 12 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی بدەن.
وتیشتی "هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنی گۆڕان دەنگ بە کاندیدەکە نەدات، بەو واتایە دێت پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە".
ب.م