سەردار  عەزیز

سەردار عەزیز

لە ئەمەریکا چی روویدا؟

دوێنێ کاپیتۆڵ هۆڵ، کۆنگریسی ئەمەریکی، جێگای سەرنجی دنیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمەریکا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی رابردوودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبووە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی تووشی قەیران بوو.

ئاپۆڕەکە خەڵکێکی تایبەت بوون. هەموو سپی پێست و هەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. کۆمێنتارە ئەمەریکییەکان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم رووداوەکە و هەم ئەنجامدەرانی لە رووی ناونانەوە مایەی کێشە بوو. ئایا ئەوەی روویدەدا کودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. کارێکی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟ دەیڤید فرۆم، کۆمێنتاری ناسراوی کۆمارییەکان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەکاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نییە بۆ کودەتا، کودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردووکیان بەکاردێن. کودەتا ئاماژەیە بۆ کارێکی رێکخراو، پوتچ هەتا ئاستێکی زۆر رێکنەخراوە. ئایا ئەوەی روویدا رێکخراوبوو، یان رێکنەخراو؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەک رێکخراو دیاربوو. رەنگە ئەوە گەردەلولەکە بێت کە ترەمپ باسی دەکرد.

ئایا کرۆکی مەسەلەکە چییە؟
ئەگەر گوێ لە وتارەکەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ روون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕەزاییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بە پێی هەندێک سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بکات، بەڵام بە فشار، خەڵکانی دەوروبەری پێیان کرد. ترەمپ باسی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەیان لێدزراوە. ئەمە یەکێک بوو لە هاوارەکانی كەسە ناڕازییەكان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چییە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێکی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمەریکایەک هەیە کە بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەمەریکای سپی پێست و ئەنگلۆساکسۆن و پرۆتستانت. ئەم ئەمەریکایە خاوەنی ئەمەریکا بووە لە دۆزینەوەی ئەمەریکاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەکات دزی لێدەکرێت.

دیموکراسی ئەمەریکی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی کە دیمو، کە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمەریکا نەبوو، بەڵکو توێژێکی تایبەت بوو. وردە وردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی و بە پێویستی بە سەر توێژەکانی تری کۆمەڵگەدا کرایەوە، وەک خەڵكی رەش پێست، ئافرەت، بەڵام ئەم کردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، کە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی راستەقینەبن، بەڵکو ببنە بەشێک لە سیستەمێکی داڕێژراو، بەڵام ئێستا لە زۆر رووەوە ئەم وەرچەرخانە روودەدات، لە رووی دیموگرافی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی. وەک زۆر شوێنی تری دنیا خەڵكی ئەمەریکا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێکی جودایە لە خەڵكی گوند و شارۆچکەکان. ئەم بەریەککەوتنە لە کۆمەڵگەی کوردییشدا روودەدات.

 ئەم ئەمەریکایە کە وردە وردە لە ئاوابووندایە، لە لایەن چەندین گروپ و رێکخراو و میلیشیاوە، داکۆکی لێدەکرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکی.

ئەم خەڵکانە ئەمڕۆ هەست دەکەن نەک لە رووی سیاسییەوە، بەڵکو لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمەریکایەک سەرهەڵدەدات کە لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بە هیچ شێوەیەک سەر بەم خەڵکانە نییە. ترەمپ کەسێکی سێکۆلاری، شاری، نمایشکارە. زۆربەی تەمەنی دیموکرات بووە و خەڵكی نیویۆرکە، بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمەریکا نیویۆرک ئەمەریکا نییە، بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.

دیارە هەموو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆکاری لۆکاڵی و تایبەت دەنگ بە ترەمپ دەدات، بەڵام ئامادە نییە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدۆلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموکراسی.

لە نێو نوخبەی سیاسی ئەمەریکیدا ترەمپ دۆستی کەمە، بەڵام لەبەرئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بەتایبەتی لە کۆمارییەکان، کە بە نیازی سوودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێکیش هەبوو لە تویتەکانی دەترسا، بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیکە کۆتاییهات. مایک پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێکی تایبەتی ئەمەریکایە، کە بە ئیڤانجیلییکە مەیسحییەکان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێکرد.

زۆرینەی ئەوانەی کە پشتیوانی ترەمپن لە کۆمارییەکان ئەوانەن کە بە نیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆکایەتی لە چوار ساڵی داهاتوودا یان خۆ کاندیدکردنەوە بۆ کۆنگریس. وەک زۆر شوێنی تری دنیا بەشێکی زۆری کاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.

لە نێو کۆمێنتارە ئەمەریکییەکان حەپەسانێک هەبوو. کە بە راستی بۆ هەر چاودێرێکی ئەمەریکی ئەوەی روویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیۆنالیزمی ئەمەریکی، لە هەموو ساتێکی تری بەهێزترە. ئەم ناسیۆنالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتوودا کاتێک ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری وەک چین، ئەم ناسیۆنالیزمە دەبێت بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی داهاتوودا، بە خوێندنەوەیەک بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمەریکی، جۆن ئیکیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە رەهەندی فیکری ئەم پرسە دەکەم.

ریتچارد هاس نووسیبوی کە سەردەمی ئەمەریکی کۆتاییهات. رستەیەکی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی، بەڵام چاوەڕواننەکردنی ئەوەی روویدا لە ئەمەریکا، جۆرێکە لە غرور و بەتایبەت وەرگرتنی ئەمەریکا، ئەوەی پێی دەوترێت ئیکسێپشنالیزم.

ئەمەریکا دوێنی لە بری ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوکتەبوو. تەنانەت کەسێکی وەک مێرکڵ کە بە هیچ شێوەیەک لە نوکتەباز ناچێت، نوکتەی کرد. مێرکڵ لە ماوەی داهاتوودا کۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێکدا نووسیبووی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت.
 
بەڵام ئەوەی لە ئەمەریکا روویدا تەنها دیاردەیەکی ئەمەریکی نییە. فاشیزمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێز و رێکخراوە. سەرۆکی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموکراسی دووپاتکردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەکەی لە ئەمەریکا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەکێکە لە رکابەرە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لە لوتکەدایە.

 لە کاتێکدا خەڵک بە ئەمەریکا پێدەکەنین لەهەمانکاتدا خۆیانیان بیردەکەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە، ئەوەی لە ئەمەریکا دەبێت هەر زوو دەبێتە مایەی لاساییکردنەوە لە جێگاکانی تر، بەڵام دیموکراسی تووشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەکانی تر تووشی داڕمان دەبن.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan