سەردار عەزیز
فابریکەکردنی ئەحمەد شەرع
سەرکردەناسی زانستێکی بەرفراوانە. هەندێک پێیانوایە کەسێک وەک سەرکردە لەدایک دەبێت، تیۆرەی تر پێی وایە سەرکردە دروستدەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردە دروستدەکرێت. دیارە پێناسەی سەرکردە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر جیاوازە. بۆ نموونە لە هەندێک کولتووردا سەرکردە ئەوەیە کە کاری گەورە دەکات، لە هەندێک کولتووری تردا ئەوەیە کە رێگە دەدات بە ئەوانیتر هەتا کاری گەورە بکەن.
لە کولتووری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتووری سەرکردە، کولتوورێکی دڕندانەیە. بە زۆری خەڵک بڕوایان وەهایە کە سەرکردە دەبێت ئەو کەسە بێت کە زۆربەی هێزەکان لە دەستی ئەودایە، نەیارەکانی لە ناو دەبات و کاری گەورە دەکات. ئەمە لە گفتوگۆی رۆژانەی خەڵک، لە ئاگایی خەڵکی ئاسایی، لە تاریکایی کولتووری ناوچەکەدا زۆر بە خەستی بۆنی دێت.
سەرباری ئەم کولتوورە دواکەتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، ئەویش توانای تەکنەلۆژیا و میدیا و دەوڵەمەندبونی زانستەکانی وەک دەروونناسی، پەیوەندی و مێشک، کە چۆن وێنا و تێگەیشتن و هالە و ئەفسانە بۆ کەسەکان بەرهەم دەهێنرێت لە رێگەی چنین و بڵاوکردنەوەی وێنا و دید و بەردەوام دووبارەکردنەوەی. ئەمە باسی بوونی سوپایەک لە ماستاوچی و راوێژکار و زەبابیک ناکەم.
ئێستا ئەحمەد شەرع، بە سەرۆک کراوی سوریا لەم دۆخەدا دەژی. وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر پێویستیان بەوەیە کە ئەم کەسە بە سەر کایەی سیاسی سوریادا زاڵبێت. لەم رووەوە هەموو میدیا و ناوەند و سەرمایەکانیان خستووەتە کار.
شەرع بەتەواویی راهێنراوە، شێلراوە، سەرلەنوێ ئامادەکراوەتەوە. تەنانەت وەک ئەحمەد مەنسور دەڵێت، کاتێک دەستیان بەم پرۆسەیە کرد، ئەو هەندێک قەڵەوبوو، بۆیە بۆ چاوی خەڵکی باش نەبوو، بۆیە دەبوو کێشی خۆی دابەزێنێت. نەک لەشولاری و جلوبەرگی کە بەلای خەڵکی سادەوە زۆر گرنگە، بەڵکو لە شێوازی قسە و باری دەروونی و چۆنێتی پەیوەندیکردندا راهێنانی زۆری پێکراوە.
ئەمە لە کاتێکدا خۆی ئامادەکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە چەندین کەناڵ و ناوەند و کەسایەتی و پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ بونیادنانی ئەفسانە و وێنا و حەکایەت و نەرەتیڤی زۆر دەربارەی هەتا هەموو ئەوانی تر لە ناو کایەی سیاسی سوریادا پەراوێز بخات.
میدیای کوردی کە خۆی بە ئاگایی و بێئگایی ئامادەیە بۆ دیکتاتۆر دروستکردن کەوتەوەتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەپوتۆزی تیادا دەکات.
دیارە دەبێت لەو روانگە ستراتیژییە بگەین، کاتێک ناوەندەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی پرۆژەکانیانە، ئەوا ناتوانن دەزگا دروستبکەن، بەڵکو ئاسانتر و سودمەندانەترە کە کەسێک بەرهەمبهێنن. لە هەمانکاتدا خەڵکی ناوچەکە و کولتوورەکەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کەسێک وەک کاریزما و خاوەن توانای بان- مرۆیی، لەوەی بیر لە دەزگا یان ناوەند بکاتەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات.
دیارە هەندێک دەڵێن کە خەتای خەڵک نییە، بەڵکو خەتای نوخبەیە. هەڵەی ئەم دیدە لەوەدایە کە نازانێت خەڵک نازانن کە دژ بە خۆیانن.
لە سوریا باری دەروونی زۆرێک لە سوننە ئامادەیە بۆ تۆڵە، خۆزاڵکردن، غرور و هەبوونی ماف و حەق. هەموو ئەمانە زەمینەن بۆ هاتنی دیکتاتۆرێکی تر. دیارە هەندێک بنەما هەیە کە دیکتاتۆریەت دەکات بە ناچاریی، بۆ نموونە، ئەگەر سوننەی عیراق بیانەوێت وەک سوننە حوکمی عیراق بکەن، تەنها دەبێت لە رێگەی دیکتاتۆرێکەوە بیکەن. ئەمە بوو کە سیستانی بە پێچەوانەی برێمەر پێداگریی لە سەر دیموکراسیی کرد، چونکە دیموکراسی یانی زۆرینە و زۆرینە یانی شیعە. ئەمە بۆ عەلەویی سوریاش راستبوو. سوریا لە ئەدیب شیشکلییەوە هەتا خێزانی ئەسەد تەنها دیکتاتۆری بینیوە. ئێستا هەتا بەرەوە دیموکراسیی بڕوات پێویستی بە رێنمایی ناوەندی جیاوازترە لە قەتەر و تورکیا، کە دوو ناوەندی تیرۆرن لە ناوچەکەدا.
خ.غ
خ.غ