کوردستانی
لە سنوری هەولێر ئاڵوگۆڕ لە دوو پۆستی باڵادا کرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی لە دوو پۆستی باڵای قەزای سۆران لە سنوری پارێزگای هەولێر کرد.
رێبەند ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە "ئەمڕۆ هەریەک لە سەران لەتیف وەک بەڕێوەبەری پۆلیس سۆران و زرار حوسێن وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سۆران دەستنیشانکران".
پێشتر هەریەک لە ئەرسەلان حەمەدەمین و عوسمان محەمەد، ئەرکی پۆستی بەرێوەبەری پۆلیسی سۆران و بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سۆرانیان لە ئەستۆبوو.
سۆران یەکێکە لە قەزا گەورەکانی سنورەی هەولێر، هاوشێوەی رانیە و کەلار، بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراوی نایاساییان تێدایە و مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
قەزای سۆران لە ناحیەکانی، خەلیفان، سیدەکان، دیانا و سۆران پێکدێت، چیاکانی زۆزک، هەندرێن، کۆڕەک و برادۆست دەورەیان داوە.
ژمارەی دانیشتوانی قەزای سۆران نزیکەی 150 هەزار کەسە و زانکۆی سۆران یەکێکە لە زانکۆ دیارەکانی کوردستان و لە ئاستێکی بەرزی زانستییدایە بە بەراود بە زانکۆکانی تری کوردستان.
ب.م