کوردستانی

پەرلەمانتارێک: ئامادەکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتارێک: ئامادەکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پرۆسەی چاکسازیی یەکەکانی حەفتا و هەشتاش دەگرێتەوە و ئامادەکاری بۆ چاکسازیی لەو دوو یەکەیەدا کراوە.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە مەودا میدیای راگەیاند "پرۆسەی چاکسازی دەستیپێکردووە و ناوەستێت و بە دەیان هەزار کەس کە مووچەی نایاسایی وەردەگرن مووچەکانیان دەبڕدرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "لە یەکەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگەش ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی مووچە نایاساییەکان ببڕدرێن، یەکەی ژمێریاری هاوبەش دروستکراوە و هەنگاوی داهاتوو چاکسازیی لەو دوو یەکەیەشدا دەکرێت".

سەبارەت بەو داهاتەی کە لە ئەنجامی بڕینی مووچە نایاساییەکان، تا ئێستا بۆ حکومەتی گەڕاوەتەوە، هێڤیدار ئەحمەد وتی "گرنگ نییە چەند بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، گرنگە کە دادپەروەری بچەسپێنرێت چوونکە یاسای چاکسازیی بۆ چەسپاندنی دادپەروەرییە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیشیکردەوە "پرۆسەی چاکسازی تەنها لە بڕینی مووچە نایاساییەکاندا ناوەستێت بەڵکوو لە بواری کۆمپانیاکان و داهاتی نەوت و سەرجەم بوارەکانی تر جێبەجێ دەکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی مووچەی زیاتر لە 10 هەزار کەسی بڕی کە بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتبوو، هەروەها وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش مینحەی 13 هەزار کەسیان بڕی کە بەهەمان شێوە بە نایاسایی وەریانگرتووە.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan