کوردستانی

بەنداوی دەربەندیخان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەنداوی دەربەندیخان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت بەهۆی کەمی باران بارینەوە ئاو لە سەرچاوەکانەوە کەمبووە لەچاو ساڵانی رابردوو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 1 مەتر و 15 سانتیمەتر ئاستی نزمترە لە ساڵانی پار و پێرار، ئاماژە بەوەشدەکات ئەو بەنداوانەی کە لە دیوی ئێرانەوە لەسەر سیروان و لقەکانی دروستکراون کە ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان کەمدەکاتەوە بەجۆرێک تا ئەوان ئاو کۆبکەنەوە ئێمە داهاتی ئاومان کەم دەکات.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە مەودا میدیای راگەیاند "سێ مانگ تێپەڕبووە بەسەر ساڵی ئاوی لە هەرێمی کوردستان و ئەمساڵ تەنیا 120 ملیم باران لە قەزای دەربەندیخان باریوە کە ئەم بڕە لە چاو ساڵی پار و پێرار کە ساڵێکی باراناوی و لافاو بوو بڕێکی زۆر کەمە، لەبەر ئەم هۆیە داهاتی ئاو لە سەرچاوەکانەوە کەمبووە لەچاو ساڵانی رابردوو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 1 مەتر و 15 سانتیمەتر ئاستی نزمترە لە ساڵانی پار و پێرار".

ئاماژەی بەوەشکرد "هێشتا پێنج مانگمان لەبەردەم ماوە بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداوەکە، هیوادارین بتوانین ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو ئەو پلانەی هەمانە جێبەجێی بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بڕێکی باش لە ئاو کۆبکەینەوە بۆ پێداوێستییەکانی وەرزی هاوین و پایزی ئەمساڵ".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد" لە راستیدا ئێمە دوو کێشەمان هەیە، ئەو بەنداوانەی کە لە دیوی ئێرانەوە لەسەر سیروان و لقەکانی دروستکراون کە ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان کەمدەکاتەوە بەجۆرێک تا ئەوان ئاو کۆبکەنەوە ئێمە داهاتی ئاومان کەم دەکات، فاکتەرێکی تریش فاکتەرە سروشتییەکەیە کە باران و بەفرە، راستە ئەمساڵ بارانبارین دواکەوتووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە باران نابارێت و هێشتا وەرزی بارانبارین لەپێشمانە".
Qaiwan
Qaiwan