كوردۆ  شابان

كوردۆ شابان

سەڵاحەدین هیچی بۆ ئیسلام نەكردووە

1- بۆ ئەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی باش بناسین، دەبێت ئەم دوو پێناسەیە لە مێشكی خۆمان دەربهێنین: یەكەم، سەركردەی گەورەی كورد. دووەم، سەركردەی گەورەی ئیسلام. پێناسە راستییەكە بریتییە لە سەركردە و پاشای گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردێکی مسوڵمان بووە و لەنێوان ساڵانی (1138 - 1193) ژیاوە.

2- پێویستە شانازیكردنی كورد بە سەڵاحەدین، وەك شانازیی فەرەنسییەكان بە ناپلیۆن، توركەكان بە عوسمانی، عەرەب بە عومەر، مەنگۆلییەكان بە جەنگیزخان، ئەسكەندەنافییەكان بە ڤایكینك، رۆما بە سێزار، فارس بە داریوش و زۆر نموونەی دیكەی سەركردەی مەزن بێت. ئەم شانازییە وایان لێ ناكات ئێستا شوێنیان بكەون، بەڵام لەبەرئەوەی سەردەمێك ناویانی بەرزكردووەتەوە و شكۆی زلی وڵاتەكانیان بوون، خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

3- ئەو خوێنەی لە دەماری سەڵاحەدیندا بووە، هەمان خوێنی ئەو سەركردانە بووە كە پێشتر ناوم هێنان، تەنانەت هەمان خوێنی هیتلەر، هۆلاكۆ و ستالینە، بەڵام وەك دەوترێ: مێژوو براوەكان دەینووسنەوە، سەڵاحەدینیش براوە بووە. واتە ئەوەی سەڵاحەدینی هانداوە ئەو هەموو جەنگە بەرپا بكات و ئەو هەموو وڵاتە بگرێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، تەنیا خوێنی حەزی دەسەڵاتە، نەوەك خوێنی كوردایەتی یان خوێنی سەرخستنی ئیسلام. ئەم دوو قسەیە بەقەدەر یەك بێ مانان.

4- سەڵاحەدینی ئەیوبی، لە ژیانیدا بڕوای بە هیچ عەرەبێك نەبووە. كاتێك نورەدین زەنكی مەلیكی شام دەمرێ، ژنەكەی دەهێنێ و دەسەڵاتی بۆ تەخت دەبێت، یەكسەر هەرچی دەوروبەری زەنكییە دەردەكات و كورد لە شوێنیان دادەنێ، وەك شێركۆی مامی و برازا و خوشكەزاكانی خۆی.

5- لە ژیانیدا سەڵاحەدین بە دەگمەن نەبێت، بە عەرەبی قسەی نەكردووە. كاتێك سەركردە سەربازییە عەرەبەكان قسەیان لەگەڵ كردووە، ئەم لەوان حاڵی بووە، بەڵام ئەوان لەم نەگەیشتوون، چونكە ئامادە نەبووە بە عەرەبی قسە بكات و وەرگێڕ لەنێوانیاندا هەبووە.

6- سەڵاحەدین كە زۆربەی كوردستانیشی لەدەست بووە، بۆ یەك خولەكیش عەرەبی نەكردووەتە فەرمانڕەوای خاكی كوردستان. جا رێك پێچەوانەكەی چییە؟ لە تەواوی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی بەدەست سەڵاحەدینەوە بووە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەكانی كردووە بە كورد و لە هیچیدا عەرەبی دانەناوە. تەنانەت لە سودانیش كوردی داناوە.

7- سەڵاحەدین بڕوای بە توانای ژن هەبووە و لە زۆر پارێزگا وەك حەلەب، كچێكی خزمی خۆی داناوە، تەنیا بۆ ئەوەی عەرەبێك و بێگانەیەك دانەنێت.

8- ئەوەندەی سەڵاحەدین خوێنی نەیارە مسوڵمانەكانی رشتووە، كاتێك داوای لێكردوون بەبێ شەڕ بچنە ژێر دەسەڵاتی، چارەكێكی ئەوەی لە كریستیان نەكوشتووە. هۆكارەكەشی ئەوە بووە، كریستیانەكان زووتر خۆیان رادەستی كردووە و كەلەڕەقییان لەگەڵ ئەو سوپا مەزنەی ئەو نەكردووە. هەڵبەت زەردەشتی و جووشی راماڵیوە.

9- سوپاكانی سەڵاحەدین چوار بەشی سەرەكی بوون: سوپای تایبەت، هەمووی خزم و كەسی خۆی بوون، دووەم: سوپای هێرشبەری كورد، سێیەم سوپای هێرشبەری تورك و چوارەم سوپای هێرشبەری عەرەب. چەند جارێك لەنێوان سوپای كورد و سوپای تورك ناكۆكی دروستبووە، هەموو جارەكان سەڵاحەدین لایەنی كوردەكەی گرتووە.

10- هەموو ئەمانەی سەرەوە، هێشتا مانای ئەوە ناگەیەنێت كە لەپێناو كورد ئیشی كردووە، بەڵكو هەمووی بۆ ناو و ناوبانگی خۆی بووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەكیش مەبەستی لە سەرخستنی ئیسلام نەبووە، بەڵكو سەردەمەكە وا بووە، دەبوو دەست بە ئایینێكی زۆرینەوە بگرێت و لەڕێی ئەو ئایینەوە شەڕ لەگەڵ ئایینەكانی دیكەشدا بكات تا متمانەی پێ بكرێت و حەزی فراوانبوونی دەسەڵاتەكەی پێ بباتە سەر.

11- هەموو سەركردەیەكی سەربازی لە دنیادا رێز لە توانای سەڵاحەدین بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەكان دەگرن.

12- وێنەكە چیڤارایە لەسەر گۆڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شاری دیمەشق.

من شانازی پێوە دەكەم.

https://www.youtube.com/watch?v=I1GZsobo1jQ

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan