کوردستانی

19 بڕیاری نوێ له‌ پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


19 بڕیاری نوێ له‌ پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو  سێشه‌ممه‌ 30ی ئاداری 2021، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌ركرد.

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، له‌پاڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كۆرۆنا، هاوكات ورده‌كاری سزاو رێنماییه‌كانیشی بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی خاڵه‌كانی بڕیاری ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێره‌:

یەكەم: سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە:

1- دەوامکردن لە قۆناغی (1)ی بنەرەتی تا 11ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردە، حکومی و ناحکومی رادەگیرێت تا 2021.4.10 بۆ وانە خوێندن، ئەو قۆناغانە و پەیمانگاکان تەنها کە تاقیکردنەوەیان مابێت ئەنجامی دەدەن ، بە رێنمایی تەندروستییەوە

2 - قۆناغی (12)ی ئامادەیی لە حکومی - ناحکومی بەردەوام دەبن لە وانە خوێندن و تاقیکردنەوەکانیان بە رێنمایی تەندروستییەوە.

دووەم: سەبارەت بە زانكو و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

1- ئەو زانكۆیانەی كە لە تاقیكردنەوەدان، پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانیان بەردەوام دەبێت بە رێنمایی تەندروستییەوە.

-2 سەرجەم پرۆگرامی خوێندن كە ماوە بە شێوازی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

3- وانە پراکتیکییەکان لەناو کەمپەسی زانکۆکاندا، بەرێکاری تەندروستییەوە بەردەوام دەبن.

سێیەم: كۆبوونەوە، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە مزگەوت و كلێسا و پەرستگاكان و تەواوی ناوەندە ئایینیەكان بریاری پێویست دەربكات.

چوارەم: راگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی كومەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەكی تر.

پێنجەم: بەردەوامبوونی قەدەغەكردنی چوونە سەرقەبران و دانانى پرسە لە مزگەوت و لە ماڵان و هەڵدانى خێمە لە كۆڵان و باخچەكان بەردەوام دەبێت و بنكەی پۆلیس و موختاری گەرەك بەرپرسیارن، و هەر كەسێك پابەند نەبێت بە بڕی (2،000,000) دوو ملیون دینار پێبژاردن سزاده‌درێت.

شەشەم: هۆڵى سینەماكان لە گشت مۆڵ و بازاڕەكان دادەخرێن بە بەردەوامی لە تەواوی شار و شارۆچكەكان لە هەرێمی كوردستان.

حەوتەم: داخستنی تەواوی هۆڵەكانی وەرزش و لەشجوانی و مەلەوانگەكان و هۆڵى بۆنە و ئاهەنگەكان.

هەشتەم: قەدەغەكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نێرگەلەكێشان لە تەواوی كافی و رێستورانت و یانەكان و گشت ئەو شوێنانە لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی دادەخرێن و هەر كەسێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (5,000,000) پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزاده‌درێت.

نۆیەم: ئەو شوێنانەی بڕگەی (8)ی سەرەوە پێویستە لە كاتی رێگەپێدراو لە (6)ی بەیانی تا (9)ی شەو خزمەتگوزارییەكانیان لە دەرەوە و باخچەكانیان پێشكەش بكەن و پێویستە مەودای نێوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و ئەوانەی باخچەیان نییە و خزمەتگوزارییەكانیان لە شوێنی داخراو پێشكەش دەكەن، پێویستە بە هەمان شێوە مەودای نیوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و تەواوی دەرگا و پەنجەرەكان كراوه بێت و سیستەمی كێشانی هەوا كار بكات بە پێچەوانەوە سزاكانی بڕگەی (8)ى سەرەوە بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

دەیەم: داخستنی بازار و مۆڵەكان و شوێنە گشتییەكان لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی(1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (4,000,000)چوار ملیون دینار پێبژاردنیان پێ دەدرێت.

یانزدەیەم: هەموو شوێنە گشتیەكان وەكو (ماركێت، ریستۆرانت و شوێنە بازرگانییەكان،...هتد) نابێت رێگە بدەن بە چوونەژوورەوەی هاوڵاتییان بۆ شوێنەكانیان بە بێ بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی (10)رۆژ وخاوەنەكەی بڕی(1,000,000)یەك ملیۆن دینار پێبژاردن دەدات.

دوانزدەیەم: هەر كەسێك رەچاوی بەستنی ماسك نەكات بە پێی رێكارەكانی ئەم بەیانە بەبری (20,000)بیست هەزار دینار پێبژاردن دەدات.

سیانزدەیەم: شوفێری ئوتۆمبێلەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە (تایبەت ، بارهەڵگر ، كرێ) لە كاتی هەبوونی سەرنشین لە گەلیاندا پێویستە شوفێر و سەرنشین پابەندبن بە بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە بەبڕی (20,000) بیست هەزار دینار بۆ هەر سەرنشینێك شوفێر وەك پێبژاردن دەدات.

چواردەیەم: دەوامی فەرمانگەكانی حكومی لە رۆژانی یەكشەممە تا چوارشەممە بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی پێنج شەممە دەوام ڕادەگیرێت.

پانزدەیەم: بەهێزكردن و بەردەوامی دان بە هەڵمەتی هوشیاری تەندروستی بە تایبەتی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانیەوە بە پێی یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی 2019 و بەشداربوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگای حكومی و كەرتی تایبەت و گشت چین و توێژەكان بە تایبەتی بەرپرسانی حكومی و حزبى و كەسایەتی كومەڵایەتی لە هەڵمەتی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستیەكان.

شانزدەیەم: راگرتنی هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینى و شەممە ، جگە لە ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN) و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و شاندە فەرمییەكان و هاتووچۆی بازرگانی و ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن كە پێویستە لە بازگەكان لە كاتی هاتنیان تێستی كۆرۆنا ئەنجام بدەن.

هەڤدەیەم: پێویستە دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت فەرمانبەر و كرێكارەكانیان پابەند بكەن بە بەستنی ماسك و جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەیە ، بە پێچەوانەوە بەبڕی (150,000) سەد و پەنجا هەزار دینار بۆ هەر حالەتێك پێبژاردن بەو دامەزراوە دەكرێت.

هەژدەیەم: فەرمانگە حكومییەكان بەردەوام دەبن بە جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی و لەلایەن وەزیری پەیوەندیدار چاودێری جێبەجێكردنی ئەو رێكارانە دەكرێت بە پێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020 مادەی حەوتەم، دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان رێكاری یاسایی بەرامبەر بەرێوەبەر و فەرمانبەرە كەمتەرخەمەكان وەربگرن.

نۆزدەیەم : ئەم بەیانە لە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 2021.3.31 كاتژمێر (9)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و تا 2021.4.10 بەردەوام دەبێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.3.30

هـ.ع


Qaiwan
Qaiwan