گێتی
"ئێران به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گه‌مارۆكان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێزى گفتوگۆ"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكرایده‌كات، وڵاته‌كه‌ى به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م گه‌مارۆكان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر مێزى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، جه‌ختیشده‌كاته‌وه ده‌بێت لابردنى گه‌مارۆكان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران هه‌بێت.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، رایگه‌یاند "پێشتریش بە راشکاوانە ئه‌وه‌مان راگه‌یاندووه، سیاسەتی یەکلایی ئێران هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەمارۆکانی ئەمه‌ریکایه كه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنراون، ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ى كه تره‌مپ دوای چوونە دەرەوەی لە رێککەوتنی ئه‌تۆمی سه‌پاندوویه‌تى و ئەوانەشى کە هەر لە سەرەتاوە سەپێندرابوون، یان هەر گەمارۆیەک لە ژێر هەر ناوێکی دیکە".
راشیگه‌یاند "هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان ئەبێ کاریگەربێت و بۆ ئێران بسەلمێت" وتیشى "گەڕانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ تەنیا دوای ئەو هەوڵانەی ئەمه‌ریکا روودەدات".
پێشتر، جالینا پورتر، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، ئه‌وه‌ى وتبوو "ده‌مانه‌وێت سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه‌كانى ئێران بۆ پابه‌ندبوونى به رێككه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمى گفتوگۆبكه‌ین".
سێ ساڵ پێشتر ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی كشایهوهو بیانووی ئه‌و وڵاته‌ش پابه‌ندنه‌بوونی ئێران بوو به رێككه‌وتنامه‌كه‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كرده سه‌ر دراوی ئه‌و وڵاته به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و دابه‌زینی به‌رچاوی تۆماركرد، به‌وهۆیه‌شه‌وه بارودۆخێكی سه‌ختی دارایی له ئێران‌دا دروستبوو، تاوه‌كو ئێستاش ئه‌و قه‌یرانه داراییه به‌رده‌وامی هه‌یه.
هـ.ع