کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: پەسەندکردنی بودجە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەهێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: پەسەندکردنی بودجە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەهێنێت
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمەریکا كرد کە پێکهاتبوون لە جەنەراڵ جۆن تایگەرت، گەورە راوێژكاری سەربازیی ئەمەریكا لە عیراق و رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێكی یاوەریان.

لە دیدارکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و  ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دواین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانەوە کرا و هەردوولا جەختیان لە ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد لەپێناو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە.

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عیراق کرد و رایگەیاند "پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرەتایەکی گرنگە بۆ نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکە و کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکان".

جموجوڵی تیرۆریستانی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا جەختیان لە مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە کردەوە لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، هەماهەنگی و پەیوەندیی پتەوی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەمەریکا بە گرنگ وەسفکرا و هەردوولا هاوڕابوون کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەرکی هەموولایەکە، پێویستە هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا چڕ بکەنەوە. 

هاوشانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و راهێنانیان، رۆڵی ئەمەریکا بە گرنگ و پێویست ناوبرا و هاوسەرۆک داوای هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری لە شاندەکە کرد.

س.س
Qaiwan
Qaiwan