کوردستانی
وەزارەتی ئەوقاف لەسەر نوێژکردن لە کەنیسەیەک روونکردنەوە دەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی لەچوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بڕیاری داخستنی سەرجەم پەرستگا و مزگەوتەکان و تەواوی شوێنە ئایینییەکان درا، لە کەنیسەیەک نوێژی قیامەی مەسیحییەکان کراوەو وەزارەتی ئەوقافیش روونکردنەوەی لەسەر دەدات و دەڵێت، نوێژکردن لەو کەنیسەیە بەشێوەی ئۆنلاین بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت "سەبارەت بە نوێژی جەژنی قیامە كە دوێنێ شەو رێکەوتی 3ی نیسانی2021 بەرێوەچوو رایدەگەیەنین، ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداریكردنى ھاوڵاتيیانى كريستيان بەڕێوەچووە و بەشێوەی ئۆنلاین بووە، بۆ زانياريتان سەرجەم كەنيسەكان داخراون جگە لە كەنيسەيەك نەبێت كە تەنھا نوێژی جەژن تیایدا ئەنجامدراوە".
دەشڵێت "لەم روانگەيەشەوە داوای لێبوردن لە مسوڵمانانى کوردستان و سەرجەم ئايينزاكان دەکەین کەئەگەر ئەم كردارە بوبێتە ھۆی بریندارکردنی ھەستیان".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، جەختدەکەنەوە "پابەندی گشت بریارەكانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەبین و رێگەش نادەین هیچ کەنيسەيەك سەرپێچی بکات تا ئەو کاتەی بەفەرمی سەرجەم شوێنە ئایینییەکان دەکرێنەوە، وەبەدواداچونى كارگيڕى خۆشمان دەكەين لە بوونى ھەر كارێك كە پێچەوانەی بڕيار و رێنمايیەكانى لیژنەى باڵاى رووبەڕووبوونەوەی ڤايرۆسى كۆرۆنا بێت".
ه.ع