کوردستانی
بەهۆی کۆترێکەوە گەنجێکی 19 ساڵ گیانی لەدەستدا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، گەنجێک پاش بەربوونەوەی لەسەر بینای کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ، بەسەختی بریندار دەبێت و پاش چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "پاش ئەوەی رۆژی 6ی نیسان، گەنجێک بەناوی ( هـ . ک . ق ) لەدایکبووی ساڵی 2002، پیشەی کاسب، لەسەر تەلاری کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ بەردەبێتەوە، لە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کراو پاشان بەڕێکرا بۆ سلێمانی".
دەشڵێت "پاش چەند رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، ئەمڕۆ هەینی 9ی نیسانی 2021 گەنجەکە گیانیلەدەستداوە".
پۆلیسی راپەڕین، ئاماژەی بەوەشکردووە "بەوتەی شایەتحاڵێکی رووداوەکە ئەو گەنجە چووەتە سەربانی کتێبخانەی قەڵادزێ بەمەبەستی فڕینی یەکێک لە کۆترەکانی، بەڵام کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".
ه.ع