کوردستانی
قوباد تاڵەبانی: ئەو زەوییانەی وەریدەگرن هەموو رێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، دابەشکردنی زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان نایاساییە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وڵام دەداتەوەو دەڵێت، لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
دەقی وڵامی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
دڵنیاییەک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان
لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، رێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی رەوا و یاسایی خۆتانە.
من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو رێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر 11142 کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت رێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی رەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.
هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی
ه.ع