کوردستانی
لەسەر لەدایکبوونی منداڵێک لەنێو ئامبوڵڵانس روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی نیسانی 2021، ژنێک لەنێوان قەزای سەیدسادق و شاری سلێمانی لەنێو ئامبوڵڵانسدا منداڵی بوو، بەڕێوەبەرایەتی ئەو نەخۆشخانەی ژنەکەی رەوانەی سلێمانی کردووە رایدەگەیەنێت، ئەو رووداوە دڵی تەزاندین.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت "لەدایكبوونی منداڵێك لە نێو ئامبوڵڵانس دڵی ئێمەشی تەزاند، بەلای ئێمەوە خزمەت کردن ئەرکە بۆیە بەرپرسیارێتیمان هەڵبژارد تا لەو رێگەوە بتوانین ئەرکەکە لەسەر خۆمان قورستر بکەین".
دەشڵێت "لەدوای دەستبەکاربونمان وەك بەڕێوەبەر و پێش ئێمەش چەندین جار بە نووسراو داوای پزیشکی ژنان و منداڵبوونمان کردووە کە مەرجەعمان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییە، بەڵام بە بیانووی نەبوون و کەمی پزیشکی ژنان داواکەمان رەتکراوەتەوە ، سێ پزیشکی ژنان و منداڵبوونمان هەیە بەپێی خشتە یەکشەممە ، دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە ئێشکگرن".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، ئاماژەی بەوەشکرد "بەوپەڕی توانامان بەلایەنی کەم مانگی 18 رۆژ پزیشکەکانمان دەوام دەکەن رۆژەکانی دیکە لەبەر نەبوونی پزیشك، هەر نەخۆشێ سەردان بکات و حاڵەتەکەی پێویستی بە پزیشک بێت ناچارین رەوانەی سلێمانی بکەین، ئێمە ئەمەمان پێخۆش نییە، بەڵام ناچارین ئەگەر کێشەکەمان بە کارمەند چارە بکرێت ئەوا ئاسان دەبوو، دابینکردنی پزیشک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".
ئاشکراشیکردووە "هەوڵی جددی دراوە لە ئایندەکی نزیکدا چارەی ئەو حاڵەتەمان بۆ بکەن بەدابینکردنی پزیشکی ژنان و بێهۆشکار تابتوانرێ رۆژەکانی دیکە پێشوازی لە نەخۆش بکرێت و ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە".
ه.ع