کوردستانی
لە رەمەزاندا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە 19 تا 20 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان دەدرێت.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان، پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا 19 تا 20 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتییان دەدەین".
پەیامی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەبۆنەی گەڕانەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی خۆشەویستی كوردستان و جیهان و فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا بەتایبەتی دەكەم، ئومێدەوارم ئەم مانگە ببێتە مانگی خێر و بەرەكەت و هەمووان ساخ و سەلامەت بن.
بەپێویستی دەزانم لەم مانگەدا سوپاسی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا بكەم كە توانیویانە سەرەڕای مەترسییەكانی كۆرۆنا و خراپی دۆخی دارایی، بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و دڵسۆزییەوە بە شێوەی ئیشكگری و 24 كاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتییاندا بوون، هەر بەم بۆنەیەوە هاوڵاتییانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە لە مانگی رەمەزاندا پێدانی كارەبای نیشتمانی 19 تا 20 كاتژمێر دەبێت.
خودای گەورەو میهرەبان رۆژ و عیبادەتی ئەم مانگە لە هەموو لایەكمان قبووڵ بكات.
كەمال محەمەد ساڵح
وەزیری كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
11ی نیسانی 2021
ه.ع