کوردستانی
پارەی خوێندنی کوڕ و کچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی خەرج دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی خەرج دەکرێت.
داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر ، دەڵێت "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی پارەی کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی دەرکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کراوە بۆ خەرجکردنی کرێی ساڵی 2018 و 2019 کە 19 ملیار دیناری عیراقییە و نزیکەی ٧٠٠ قوتابی تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ھەولێرەوە ئامادە کراوە بۆ گەنجینە".
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر، دەشڵێت "تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر لە ساڵی 2018-2019 نزیکەی دوو ھەزار خوێندکاری کوڕ و کچی شەھیدان و ٢٥٠ کوڕ و کچی زیندانیی سیاسی لەسەر ئەرکی حکومەت لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان درێژە بە خوێندن دەدەن، ئەوە جگە لە 380 خوێندکار ساڵانی پێشتر کە مامەڵەیان تەواو نەبووە و ئەمساڵ کرێی خوێندن وەردەگرن".
ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکرد "پارەکە خەرج دەکرێت و وەزارەتی دارایی بە قۆناغ بۆیان خەرج دەکات، بەڵام دواکەوتنی پارەی کرێی خوێندنی کەسوکاری شەھیدان بە مانای ئەوە نایەت ئاستەنگ بۆ خوێندنەکەیان دروست دەکات، لە خوێندن بەردەوام دەبن دوای وەرگرتنی پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە بۆ ئەو زانکۆ، یان ناوەندەی خوێندکار تیایدا درێژە بە خوێندن دەدات".