عیراقی

سەبارەت بە نەخۆشی کەڕووی رەش روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بە نەخۆشی کەڕووی رەش روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا-

چیمەن حەمەرەحیم، خوێندكارێكی دكتۆرا لە كەڕووزانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی ئاشکرایکرد ، كەڕووی رەش نەخۆشیەكی كەڕوویی كەمبڵاوە بەڵام مەترسیدارە، دەكرێت لە هەركەسێك و هەر تەمەنێك بێت رووبدات لەو كەسانەدا روودەدات كە بە هەر هۆكارێك بێت خاوەنی كۆئەندامێكی بەرگری لاوازن، هەروەها لەرێگەی نزیکبوونەوە لە هەندێک جۆری گەڵا یاخود پەین دروست دەبێت.

كەڕووە رەشە Mucormycosis چییە؟

بریتییە لەنەخۆشیەكی كەڕوویی كەمبڵاو بەڵام مەترسیدار، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گروپێك لە مۆڵدەكان (Mucormycetes)، وە بە زۆری كاردەكەنە سەر گیرفانەكانی لووت (جیوبەكان) ، سیەكان ، پێست لەگەڵ مێشك، دەكرێت سپۆرەكانی ئەم كەڕووە هەڵبمژرێت لە گەڵای رووەکەوە یان خۆڵ یان پەینەوە ،یاخود بەرهەمە خۆراكیە تیكچووەكان.

كێن ئەو كەسانەی مەترسی تووشبوونیان هەیە؟

تووشبوون بەم كەڕووە دەكرێت لە هەركەسێك و هەر تەمەنێك بێت رووبدات بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لەو كەسانەدا روودەدات كە بە هەر هۆكارێك بێت خاوەنی كۆ ئەندامێكی بەرگری لاوازبن.

ئیتر هۆكاری لاوازیەكە وەرگرتنی چارەسەر بێت وەك ستیرۆیدەكان كە لە ئێستادا لە نەخۆشانی كۆڤید دەركەوتووە، یان هۆكاری لاوازی بەرگری بەهۆی ئەم حاڵەتانەوەیە:

1.نەخۆشانی شەكرە گەر كۆنترۆڵ نەكرابێت بەهۆی چارەسەرەوە.

2. ئایدز

3.نەخۆشانی شێرپەنجە یان ئەو نەخۆشانەی ئۆرگانێكیان بۆ چێندراوە یان خانەی بنەڕەتیان بۆ چێندراوە stem cells

4. بەكارهێنەرانی مادە بێهۆشكەرەكان

5. كەسانێك مادەی ئاسن زۆرە لە لەشیاندا

6. مناڵانی نەبەكام و كەسانی بەتەمەن

7.كەسانی سوتاوو یان بریندار

نیشانەكانی كەڕووە رەشە:‌

نیشانەكان جیاوازن گەر كەسەكە لە رێی هەناسەوە سپۆڕی كەڕووەكەی هەڵمژیبێت ئەوا نیشانەكانی تا، كۆكە، ئازاری سنگ، هەناسە كورتی، هەڵئاوسانی لایەكی دەم و چاو، سەرئێشە، لووتگیران، بوونی پەڵەی رەش لەسەر لووت یان ناو دەم، ئازاری سك، رشانەوە و دڵتیكەڵهاتن، سكچوون و بوونی خوێن لە پیساییدا.

بەڵام گەر لە رێی پێستەوە چووبێتە لەشەوە ئەوا دەبێتە هۆی دەركەوتنی بڵقی سەر پێست ، سوربوونەوەی پێست یان هەڵئاوسان ، وە لەوانەشە رەنگی بەرەو رەش بڕوات و ئازاری دەبێت.

وە لەوانەیە لە حاڵەتی توندا نەخۆشیەكە بگوازرێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی تری لەش لە رێی خوێنەوە كە پێی دەوترێت disseminated mucormycosis ،تا دەگاتە سپڵ و دواتر دڵ و پاشان مێشك و دەبێتە هۆی مردن لەكەسەكەدا.

چۆنیەتی دیاریكردن و چارەسەری كەڕووە رەشە؟

بە پرسیاركردن لە نەخۆش لە نیشانەكانی و ئەگەری بەركەوتنی بە كەڕووەكە و حاڵەتی بەرگری نەخۆش دەتواندرێت پێشبینی بوونی حاڵەتەكە بكرێت، وە بۆ دڵنیابوونەوە دەكرێت نموونەی دەردراوی لووت یان بایۆپسی لە نەخۆش وەربگیرێت و تاقیكاری تاقیگەیی بۆ بكرێت. وە دەكرێت بە CT یان MRI بزانرێت نەخۆشیەكە بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە مێشك یان ئۆرگانەكانی دیکە.

ئەگەر دەرئەنجامی پشكنینەكە پۆزەتیڤ بوو بۆ كەڕووە رەشە دەبێت بە زووترین كات نەخۆشەكە بخرێتە ژێر چارەسەری تەواوەوە بە دژە كەڕووەكان، چونكە خراپترین سیفاتی كەڕووەكە خێرا بڵاوبوونەوەیەتی لە لەشدا.

گرنگترین دژە كەڕووەكان لەم حاڵەتەدا ئەمانەن:

• Amphotericin B

• Isavuconazole

• Posaconazole

پێویستە سەرەتا تا كۆنترۆڵی نەخۆشیەكە بکرێت ئەم دژە كەڕووانە بە دۆزێكی گونجاو و لە رێگەی دەمارەوە بدرێتە نەخۆش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك و پاشان دەتوانرێ بكرێت بە حەب بۆ نەخۆشەكە.

گەر نەخۆشیەكە توند بوو گەشتبووە شانەكان پێویستە نەشتەرگەری بۆ لابردنی شانەی توشبوو بكرێت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی، وەك زۆربەی حاڵەتەكان لابردنی بەشێكی لووت یان هەمووی یان دەرهێنانی چاو یان هەر شانەیەكی تری توشبووە لە حاڵتێكی نەخوازراوە.

دەرئەنجامە نەخوازراوەكانی توشبوون بە كەڕووە رەشە:

1. لەدەستدانی بینایی

2. گیرانی بۆریەكانی خوێن و نەخۆشی دڵ

3. تیكچوونی دەمارەكان و توشبوون بە ئیفلیجی

كەڕووە رەشە نەخۆشییەكی مەرگ ئامێزە گەر زوو چارەسەر نەكرێت، زۆربەی توێژەران رایان وایە لە سەدا %54 ی توشبووان دەمرن، ئەگەرەكانی مردنیش پشت بە وە دەبەستێت چ بەشێكی جەستەی نەخۆشەكەی گرتووەتەوە؟گیرفانەكانی لووت یان مێشك و سیەكان؟ زوو كۆنترۆڵكراوە یان درەنگ ؟

رێگاکانی خۆپارێزی لە كەڕووە رەشە بەتایبەتی لەو كەسانەی كە كۆئەندامی بەرگرییان لاوازە یان تووشبووان بە كۆڤید:

ئەم نەخۆشیە درم نیە و لە كەسێكەوە ناگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تر.

رێگایەک نیە بۆ رێگریکردن لە هەڵمژینی سپۆر بە تەواوی بەڵام دەتوانین چانسی هەڵمژینی سپۆری ئەو كەڕوانە كەمبكەینەوە بەچەند رێگایەک لەوانە:

1. دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە تەپ و تۆزو خۆڵی لێیە، گەر نەتوانی دووربكەویتەوە ماسك بەكاربهێنە.

2. دووركەوتنەوە لە باخداری و بەركەوتن بە رووەکەکان چونكە ئەم كەڕووە لەسەر گەڵای رووەکەکانیش دەژی.

دووربن لە نەخۆشی و ناخۆشی

چیمەن حەمەرەحیم هەورامی

ماستەر وخوێندكاری دكتۆرا لە كەڕووزانی

كۆلێژی پزیشكی /زانكۆی سلێمانی
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان