کوردستانی

پەیامێک لە مەحمود سەنگاوییەوە: بەندە و ھەڤاڵانم بۆ ھەمیشە پێشمەرگەی رێبازی مام جەلال دەبین

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێک لە مەحمود سەنگاوییەوە: بەندە و ھەڤاڵانم بۆ ھەمیشە پێشمەرگەی رێبازی مام جەلال دەبین
مەودا میدیا-

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت بەندە و ھەڤاڵانم بۆ ھەمیشە پێشمەرگەی رێبازی مام جەلال دەبین.

لە پەیامەکەدا هاتووە "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە جەژنە پیرۆزەی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان بە گشتی دەکەم بە تایبەتیش پیرۆبازی گەرمم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان دەکەم کە بە خوێن و ئارەقەی خۆیان مۆمی سەرفرازی دواڕۆژیان بۆ گەلەکەیان داگیرساند، دەستی ماندوی پێشمەرگە قارەمانەکان دەگوشم کە سەرەڕای نەبوونی موچە و هیچ پێداویستییەکی پێشکەوتووی سەربازی هێشتا بە ورەیەکی پۆڵاین و بە پەرۆشییەوە شەو و رۆژ دەدەنە دەم یەکەوە بۆ پارێزگاری کردن لە ئارامی و سەقامگیری کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلەکەمان".

ئاماژەی بەوەشکردووە "هیوادارم ئەم جەژنە جەژنی ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت بۆ گەلی کورد و سەرەتایەک بێت بۆ باشتربوونی باری دارایی و سیاسی  و تەندروستیی هەرێمەکەمان و دووربوونمان لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ و ببێتە دەستپێکێک  بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ لێک نزیکبوونەوە و رێککەوتن و لێکتێگەشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە چەق بەستووەکانی ئێستای هەرێمەکەمان".

ئەوەش هاتووە "لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانم بۆ ئارامی دڵی دایكی جەرگسوتاوی شەھیدان و دەروونی ماندووی تێکۆشەرە ماندوونەناسەکان و سەرجەم ئەندام و لایەنگرە بە ئەمەکەکانی یەکێتی رابگەینم کە بەندە و ھەڤاڵانم بۆ ھەمیشە پێشمەرگەی سەنگەری بە گەورەیی مانەوەی یەکێتی و رێبازی پیرۆزی ڕابەری کۆچکردوومان جەنابی مام جەلال دەبین و داکۆکیکارێکی سەرسەختی خوێن و ئارەقەی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەبین. ھیوادارین بە ھیمەتی دڵسۆزانەی سەرجەم ھەڤاڵان ھەمیشە داپۆشەری ئەو درز و کەلێنانە بین کە لە ڕیزەکانی یەکێتی دروست بووە و ڕێگە نەدرێت ناحەزانی گەل و یەکێتیەکەمان لێوەی دزە بکەن و ھەمووان ھەوڵ و خەباتمان بۆ پارێزگاری و بەھێزکردنەوەی یەکێتیەکەمان بێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan