کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتیی نوێ خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: یەکێتیی نوێ خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت
مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین، ئاماژە بەوەشدەکات یەکێتیی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرانبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت. 

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاتووە "بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارام ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک"

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین و پێکەوە بتوانین لە رێی حکومەتەوە کێشە بنچینەییەکانی وەک مووچە و بژێوی خەڵک و خزمەتگوزاری چارەسەر بکەین".

باسی لەوەشکردووە "ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین و باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی گەلەکەمان هەیە لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانی زیاتر".

بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە "دەمەوێت لەم دەرفەتەدا دووپاتی بکەمەوە کە یەکێتیی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرانبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت، درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدەین و بە گیانی لێبووردەییەوە خەبات دەکەین بۆ کوردستانێکی نوێ، یەکێتییەکان، دۆستان و لایەنگران دڵنیابن ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین".

لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە "درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی دەدەین و هەنگاوەکانمان دەخەینە خزمەتی گشتی، کە ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە و لەمەودوا لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی پەیڕەوی دەکەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan