عیراقی
یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدری بەغدا لە هەرێم دەستگیرکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدەرێکی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدری بەغداد دانیشتووی کەمپی (حسن شام)ەو لە هەرێم دەستگیرکراوە.
لە راگەیەنراوێکی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی داوای هاوکارییان لە حکومەتی هەرێم کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر لە بەغدا.
باسی لەوەشکردووە، دوای بەدواچونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دژە تیرۆری هەرێم کەسی داواکراو دۆزرایەوە و دەستگیرکرا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، تۆمەتبارەکە خەڵکی حەویجەیە و ئێستا دانیشتووی کەمپی (حسن شام)ەو رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عیراق دەکرێتەوە.
رۆژی 19ی تەمووزی 2021 تەقینەوەیەکی خۆکوژی بازاڕێکی ناوچەی سەدر لە بەغدای پایتخەتی عیراق کردە ئامانج بەهۆیەوە، 30 کەس گیانیان لەدەستدا و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ر.ر