کوردستانی

هۆکار چییە لە هاویندا باران دەبارێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆکار چییە لە هاویندا باران دەبارێت؟
مەودا میدیا- 

ئێستا وەرزی هاوینە لە هەرێمی کوردستان و جۆرێک لە ناجێگیری لە رەوشی کەشوهەوادا هەیە دوێنێ لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بەشێوەی پچڕ پچڕ باران دەباری، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی هۆکاری ئەو ناجێگیرییە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە تەواوی گۆی زەوی بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە پێشبینییەکانی رەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو کە لە چەند ناوچەیەکی هەرێم ئەگەری باران بارین هەیە، لە کاتێکدا ئێمە لە مانگی تەمووزداین و پلەکانی گەرما لەسەر و 40 پلەی سەدییەوەن، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند، بوونی بارانبارین لە وەرزی هاویندا لە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە گشتییەی کە لە کەشوهەوای ناوچەکە و تەواوی گۆی زەویدا روویداوە و پلەکانی گەرما لە سەر زەوی بەراورد بە ساڵانی رابردوو پلەی گەرمی زەوی (1,5) یەک پلەو نیو بەرزبووتەوە و ئەمەش ناجێگیری دروستکردووە لە رەوشی کەشوهەوای جیهاندا.

سەبارەت بەو بارانەی لە رۆژانی رابردوودا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان باری رایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری دەبێت لە سەر رەگەزەکانی دیکەی کەشوهەوا، بۆ نموونە ئەوشێیە زۆرەی لە وڵاتانی عەرەبییەوە لە رێگەی باوە دەگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی کۆبوونەوەی پەڵە هەور و دروستبوونی پاڵەپەستۆ دەبێتە هۆی باران بارین لە هەندێک ناوچەی جیاجیادا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دیاردەیە دیاردەیەکی ئاساییە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو کارلێکە کیمیاییانەی لە کارگە گەورەکانی جیهاندا روودەدات و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بەرگە هەوای زەویدا هاتووە بووتە هۆی گەرمبوونی زەوی و تێكچونی کەشوهەوا بەشێوەیەکی گشتی.

ر.ر

 

Qaiwan
Qaiwan