کوردستانی

لە هەولێر هێرشکرایە سەر بەڕێوەبەرێکی دابەشکردنی ڤاکسین

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە هەولێر هێرشکرایە سەر بەڕێوەبەرێکی دابەشکردنی ڤاکسین
مەودا میدیا-

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەرپەرشتیاری دابەشکردن و وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن دوو کەس کە یەکێکیان جل و بەرگری سەربازیی لەبەردا بووە هێرشیکراوەتەسەر و داوایانکردوە بەبێ نۆرەگرتن و بەبێ ئەوەی کاتی وەرگرتنی ڤاکسینیان هاتبێت ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەری وەربگرن.

هەردی ساڵح عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەرپەرشتیاری دابەشکردن و وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند "دوو کەسی ئەمنیی کە یەکێکیان جلوبەرگی ئەمنی و ئەوەی دیکەش کە جلوبەرگی مەدەنی لەبەربوو لە سەنتەری وەرگرتنی ڤاکسین لە نەخۆشخانەی رزگاری هێرشیان کردەسەرم و پەلاماریاندام و قسەی ناشرینیان پێگوتم و دواتر رۆیشتن."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "یەکێکیان کە جلوبەرگی سەربازیی لە بەردابوو داوای لێکردم بەبێ نۆرەگرتن و بەبێ ئەوەی کاتی وەرگرتنی ڤاکسینی هاتبێت ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەری لێبدەین، بەڵام پێمووت کە ئەوە رێگەپێدراونییە تاوەکو ناوی خۆت لە سیستەمی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا تۆمارنەکەی، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڤاکسینی پێبدرێت. "

 ئەوە لە کاتێکدایە لە پێشتردا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە بەبێ پڕکردنەوەی فۆرم و نەگەڕانەوەی ناوەکانیان سەردانی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین نەکەن.

ر.ر

Qaiwan
Qaiwan