کوردستانی

بڕیاری داخستنی دۆسیه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیاری داخستنی دۆسیه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
مه‌ودا میدیا-
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت به‌ بڕیاری دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ دۆسیه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ره‌وداخران ده‌ڕوات و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی كه‌س و كاری منداڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. 

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند "دوای وه‌رگرتنی سامپڵی ئه‌و خێزانانه‌ی ناوی خۆیان تۆماركرد كه‌ منداڵیان له‌كاتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ونبووه‌، سامپڵه‌كان نێردران بۆ زانكۆی شاهانه‌ی به‌ریتانیا به‌ڵام دوای 2 ساڵ ئه‌نجامی پشكنینی سامپڵه‌كان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كه‌س و كاری ئه‌و منداڵانه‌ی نیگه‌رانكرد كه‌ منداڵیان ونبووه‌ و سامپڵیان لێوه‌رگیراوه‌".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ وتی "دوای ئه‌وه‌ی دووباره‌ پشكنین بۆ مریه‌م كرایه‌وه‌ و ده‌ركه‌وت به‌ هه‌ڵه‌ كراوه‌ته‌ منداڵی خێزانێك، وه‌ ئێستاش دۆسیه‌كه‌ی ئه‌عزه‌م به‌ هه‌مان شێوه‌ گومانی له‌سه‌ره‌ و له‌ دادگا هێشتا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئێستا دۆزینه‌وه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ قورس ببێت و متمانه‌كردن به‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كان بۆ ناسینه‌وه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كان ئاسان نه‌بێت".

لوقمان عه‌بدولقادر، وتیشی "دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كان دابخات، له‌مه‌ودا هه‌ر منداڵێكی ونبووی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌گه‌ر خۆی هاته‌وه‌ و وتی منداڵی كامه‌ خێزانم ئه‌و كاته‌ پشكنین بۆ ئه‌و منداڵه‌ و ئه‌و خێزانه‌ ده‌كرێت تا ئه‌و منداڵه‌ ونبووه‌ بناسرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی قورسه‌، چونكه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی ونبوون خۆیان نازانن منداڵی كام خێزانی هه‌ڵه‌بجه‌ن".

پێشتر دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ وته‌ی 74 خێزانی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌رگرت كه‌ داوای دۆزینه‌وه‌ی 119 منداڵی ونبوویان ده‌كرد كه‌ له‌كاتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵی 1988 ونبوون.
Qaiwan
Qaiwan