کوردستانی

سەرۆکی فەڕەنسا: بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی فەڕەنسا: بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا-

سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق قسەی كردووە تاوەكو هەوڵی راگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆسەر شەنگال بدات، وتیشی، فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی هەرێم.

دوای کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و باسیان لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد کە پرسی بەردەوامی پشتیوانییەکانی پاریس بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەبەرهێنان، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەتەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، بەناوی گەلی کوردستانەوە بەخێرهاتنی ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن و سەردانەکەی رەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسایە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ژمارەیە پرسیان تاوتوێ کردووە لەوانەش پرسی ئاشتی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.

باسی لەوەشکرد، سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی ساڵی 2017ی سەرۆکی فڕەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی  ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی"عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن، کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پرۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن، لەمبارەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت".

لای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان "دڵنیاییمدا لە بەردەوامی پشتیوانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و پاریس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات".

جەختیشی کردەوە "دەمانەوێت کەشێک دروست بکەین کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان".

ر. ر

 


Qaiwan
Qaiwan