کوردستانی

دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کێشەی بۆ دروست دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کێشەی بۆ دروست دەبێت
مەودا میدیا-

کێشەکانی مامۆستایانی وانەبێژ وەک خۆی ماوەتەوە و تا ئێستا چارەسەرنەکراوە، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، ئەگەر تا دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانمان جێبەجێنەکات، بایکۆت دەکەین و خۆپیشاندانی بەرفراوانیش ئەنجامدەدەین.

ئەمڕۆ شەممە 11ی ئەیلولی 2021 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای رایگەیاند "هیچ بەهانەیەک لەبەردەم حکومەتدا نەماوە بۆ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیان بایکۆت دەکەین و ناچینە ناو هۆڵەکانی وانە وتنەوەوە و خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجامدەدەین لەبەردەم پەروەردەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەکی داوەتە وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ ئەوەی مووچەکانمان هاوتای میلاکی مامۆستایانی دبلۆم  و بەکالۆرێس لێبکرێت واتە لە نێوان 350 هەزار بۆ 400 هەزار دینار، وتیشی، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە 21 هەزار مامۆستایە و رێژەی لە 20% مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئەگەر بایکۆت بکەین پڕۆسەی خوێندن پەکی دەکەوێت، هەربۆیە پێویستە حکومەت ئاوڕێکی جدی لە داواکارییەکانمان بداتەوە".

لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 21 هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە ئەمانە دانەمەزراون و پێشتر حکومەتى هەرێمی کوردستان شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى 300 هەزار بۆ مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و 250 هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم.

ر. ر


Qaiwan
Qaiwan