د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

ئەفغانستان، وڵاتێک بێ بنەماکانی دەوڵەت

ئەفغانستان، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئاسیا، هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی: پاکستان، ئێران، تورکمانستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، چین.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، لەنێوان هیندوستانی بەریتانیا و روسیای قەیسەری ئەفغانستان وەک ناوچەیەکی دابڕاو داندرا. لە شەڕی نێوان ئەفغانەکان و ئینگلیز لە ساڵی ١٩١٩ شانشینی ئەفغانستان دامەزرا. ژمارەی دانیشتوانی نزیک ٣٥ ملیۆنە. لە چەند نەتەوەیەک پێک دێت: پشتوون کە دوو لەسەر پێنجی دانیشتوانیەتی، تاجیک، هەزارە، ئۆزبەک، تورکمان و چەند نەتەوەیەکی تر. رووبەری هێندەی رووبەری وڵاتانی: عیراق، سوریا، لوبنان و ئیسرائیلە پێکەوە. لە سەدا نەوەدی دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و زۆربەیان لە لادێکاندا دەژین. زۆرینەیان ئیسلامی سوننەی حەنەفین و نەتەوەی هەزارە (10 – 15%)یان شیعە مەزهەبن. 

لە رووی کشتوکاڵەوە وڵاتێكی هەژارە، لەگەڵ ئەوەش ئیکۆنۆمی سەرەکی ئەو وڵاتە بە کشتوکاڵەوە بەستراوە. هاوینی زۆر گەرم و زستانی زۆر سارد و کەم ئاوە، خەڵکەکەی توند و رەقن وەک کەشوهەواکەی. ئەفغانستان یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خەشخاش (تریاک) لە جیهان. خاکەکەی دەوڵەمەندە بە: گاز، نەوت، لیسیۆم، کۆبەلت، مس و زۆر کانزای تر، بەڵام سوودیان لێ وەرنەگرتووە.

تاکوو ساڵی 1978 پاشایەتی حوکمی دەکرد، بە کودەتایەک رژێم گۆڕا و کۆماری دیموکراتیی میللیی ئەفغانستان دامەزرا لەلایەن پارتی دیموکراتیی میللیی ئەفغانی، هەندێک یاسای نوێی دانا وەک: خوێندنی کچان بە زۆرەملێ، دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاران و نەهێشتنی سوو. هەروەها لەگەڵ حکومەتی سۆڤیەت پەیمانی دۆستایەتییان بەست و بەپێی پەیمانەکە رێگە دەدرا بە سوپای سۆڤیەت لە کاتی پێویست بچێتە ناو خاکی ئەفغانستان. پاشان لە ١٩٧٩ ململانێی ناوخۆیی دەسەڵاتدا، پارتی کۆمۆنیستی ئەفغانی دەسەڵاتی گرتە دەست.

 لە وڵاتێكدا کە دەرەبەگایەتی و ئایینی ئیسلام زۆر بەهێز بوو، هەروەها گەلەکەی دواکەوتوو و وابەستەی نەریتەکانیان بوون، ئەستەم بوو ئەم گۆڕانکارییانە قبوڵ بکەن، بۆیە شەڕی ناوخۆ دروست بوو. حکومەت نەیتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و بەشێک لە سوپاکەی چوونە نێو گرووپە ئیسلامییەکان.
لە کۆتایی ساڵی 1979 سوپای سۆڤیەت چوونە ناو خاکی ئەفغانستان. ئەو کاتە سەردەمی شەڕی سارد و ململانێکانی نێوان بلۆکی خۆرئاوا و خۆرهەڵات بوو. ئەمەریکا و پاکستان و سعودیە و میسر و ئیمارات هەموو هەوڵێکیان دەدا و لە رووی مەشق و چەک و پارە و لۆجیستییەوە یارمەتی گرووپە موجاهیدە ئیسلامییەکانیان دەدا لەژێر ناوی جیهاد لە پێناو رزگارکردنی وڵاتی ئیسلام لە هەژموونی کۆمۆنیستی.

یەکێک لە هێزە گەورەکانی دژ بە سۆڤیەت، کۆمەڵەی ئیسلامی بوو بە سەرکردایەتی ئەحمەد شا مەسعود. لە لایەکی تریشەوە هەندێک عەرەب بەشدار بوون لە گرووپە چەکدارەکاندا، وەک قاعیدە بە سەرکردایەتی بن لادن. 

سۆڤیەت زیانی زۆری لێ دەکەوت و مانەوەی لە ئەفغانستان بووبوو بە بارێکی قورس بەسەر سوپاکەیەوە و ئابووریی وڵاتەکە لاواز بووبوو. پاش 10 ساڵ لە شەڕی تاقەتپڕووکێن، لە ساڵی 1989 سوپای سۆڤیەتی ئەفغانستانی بەجێهێشت و ئەو شکستە گەورەیە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت.

دوای دەرچوونی سۆڤیەت، وڵات لە چنگی سەرکردەی گرووپی جیاجیای چەکدار حەوت ساڵ بەدەست شەڕی ناوخۆ و حکومەتێکی لاوازەوە دەیناڵاند. لەو نێوەندەدا، گرووپی تاڵیبان دروست بوو، لە خوێندنگەی دینی لە پیشاوەری پاکستان لەنێو پەناهەندە ئەفغانەکان و لە قەندەهاری ئەفغانستان رەگی داکوتا. لە سەرەتادا بە 50 خوێندکار و بە سەرکردایەتی مەلا عومەر دەستیپێکرد. 

تاڵیبان لە وشەی خوێندکارەوە هاتووە، گرووپێکی سۆفیی حەنەفین کە بیروباوەڕی ماتریدییان هەیە. 
ئەفغانستان تووشی شەڕێکی خوێناویی ناوخۆیی بووبووەوە. شەڕەکە لەنێوان دوو لایەندا نەبوو، بەڵکوو بە دەیان گرووپی چەکداری جیاجیا هەبوون و هەریەکە شەڕی لەگەڵ چەند لایەنێکدا دەکرد و لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا رێک دەکەوت. مێژووی ئەو ماوەیەی ئەفغانستان بە خوێن نووسراوە. لە میدیاکاندا زیاتر باسی شەڕی نێوان تاڵیبان و ئەحمەد شا مەسعود دەکرا وەک دوو گرووپی سەرەکی، تاڵیبانی ئیسلامیی توندڕەو و شا مەسعودی ئیسلامیی میانڕەو کە پشتیوانیی رۆژئاوای هەبوو.  

پاش چەند مانگێک لە دامەزراندنی تاڵیبان، بزووتنەوەکەیان گەورە بوو و توانییان دەست بەسەر زۆرێک گەنجینەی چەکدا بگرن. زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوا و خوارووی ئەفغانستانیان کەوتە ژێر دەست. 

لە ئەیلولی 1996 کابولیان گرت و سەرۆک محەمەد نەجیبوڵڵا لە سێدارە درا. مەلا عومەر بە ئەمیرولموئمنین دانرا و میرنشینی ئەفغانستانی ئیسلامییان دامەزراند. لە 1998 پاکستان و سعودیە و ئیمارات دانیان پێدا نا. 

تاڵیبان، سیستمێکی حوکمڕانیی کۆمەڵایەتیی توندڕەوی پشتبەستوو بە شەریعەتی ئیسلامی بەکار دەهێنا. زۆر شتی قەدەغە کرد، لەوانە: سینەما و شانۆ، گۆرانی و موزیک، ئارایشتگا و خۆجوانکردنەک... کچ دوای تەمەنی 10 ساڵی بۆی نەبوو بخوێنێت. هەروەها بە دەیان شێوازی دیکە مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ژنان بەتایبەتیی پێشل دەکرا. لە 2001 سەرەڕای ناڕەزایەتییە جیهانییەکان، دوو گەورەترین پەیکەری بودایان تەقاندەوە. ئەمە جگە لەوەی سەربڕین و بەکۆمەڵ کوشتنی نەیارەکانیان ئاسایی بوو لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵاتیان.

لە ساڵی 2001 هێرشەکانی یانزدەی سێپتەمبەر لە ئەمەریکا روویان دا، بە فڕۆکەی مەدەنیی رفێندراو هێرش کرایە سەر هەردوو تاوەری بازرگانیی جیهانی و پنتاگۆن، کە تیایدا نزیکەی سێ هەزار قوربانیی هەبوو. رێکخراوی قاعیدە خۆی کرد بە خاوەنی هێرشەکان، لەو کاتەدا بن لادنی سەرۆکی رێکخراوەکە، لە سودان دەرکرابوو و لای تاڵیبان خۆی حەشار دابوو. ئەمەریکا داوای لە تاڵیبان کرد بن لادنیان تەسلیم بکەن، بەڵام تاڵیبان رەتیان کردەوە.

لە تشرینی یەکەمی 2001 ئەمەریکا هێرشی کردە سەر کابول بەناوی شەڕی دژ بە تیرۆر و حکومەتی تاڵیبانی لە دەسەڵات خست و تاڵیبانەکان هەڵهاتن بەرەو دێهات و ئەشکەوت و شاخەکان. هەرچەندە تاڵیبان لە دەسەڵاتدا نەما، بەڵام وەک رێکخستن و بیروباوەڕ نەک هەر ماوبوو، زیاتر گرنگی بە رێکخستن و پەیوەندیی دیپلۆماسی دەدا و هەوڵی دا سوود لە هەڵەکانی پێشووی وەربگرێت و کەمێک رووە توندڕەوییەکەی وەلا بنێت.

ئەمەریکا بنکەی سەربازیی لە شارە گەورەکاندا دانا و بە بەردەوامی بۆمبارانی شوێنەکانی تاڵیبانی دەکرد، ژمارەیەکی زۆر لە تاڵیبان بوون بە پەناهەندە لە پاکستان. تاڵیبان شەڕی پارتیزانی لەگەڵ ئەمەریکییەکان و حکومەتی ئەفغانستان دەکرد، بە پاشماوەی چەکەکانی سۆڤیەت و چەکی ئەمەریکی کە لە کاتی شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی ئەفغانستان دەستیان بەسەدا دەگرتن.

ئەمەریکا زیانی مادی و سوپایی زۆر لێ کەوت. 978 ملیار دۆلاری خەرج کرد و سێ هەزار سەربازی کوژران و سێ چوار ‌ئەوەندەشی بریندار و پەککەوتە بوون. یەکەم جار بوو لە مێژووی ئەمەریکا شەڕی وا درێژخایەن بکات، کە بیست ساڵی خایاند.

سوپای ئەفغانستان شەڕکەر نەبوون، گەندەڵی لە ناوەوە رزاندبوونی؛ بەشێکیان بندیوار بوون، بەشێکیان دڵیان لەگەڵ تاڵیبان بوو، بەشێکیان لەگەڵ خێڵەکانیان بوون. نە مەشق و نە چەکە تازەکانی ئەمەریکا کە خستبوویە بەر دەستیان، نەیانتوانی بەرگەی تاڵیبان بگرن. کاتێک پێشتر شەڕیان کردووە، فڕۆکە و موشەکی سەربازە ئەمەریکییەکانیان لە پشت بوو. 

ئەمەریکا بە ناوبژیوانی چەند وڵاتێک لەگەڵ تاڵیبان کەوتە گفتوگۆ. لە 29ی شوباتی 2020 لە شاری دەوحە لە قەتەر، بەبێ ئامادەبوونی هیچ نوێنەرێکی حکومەتی ئەفغانستان، لەگەڵ تاڵیبان لەسەر چەند خاڵێک رێک کەوتن:

- لە ماوەی 14 مانگ، هەموو هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بچنە دەرەوە.
- لە ماوەی 135 رۆژ دوای واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، ئەمەریکییەکان ژمارەیان بۆ 8600 سەرباز کەم بکەنەوە.
- لە ٢٧ی تەمووزی 2020 سزا لەسەر تاڵیبان هەڵبگیرێت.
- پێنج هەزار گیراوی تاڵیبان کە لای ئەمەریکییەکانن، ئازاد بکرێن و لە بەرانبەریشدا گیراوەکانی لای تاڵیبان ئازاد بکرێن تا ئازاری 2020.
- تاڵیبان پەیمان بدەن و رێگە نەدەن هیچ گرووپێکی تیرۆریست لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتیان کار بکەن.
راستە لە کاتی دۆناڵد ترەمپ رێککەوتنەکە کرابوو و کۆتایی بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا هێنا، بەڵام لە سەردەمی بایدن بەشێوەیەکی زۆر خێرا و نەگونجاو جێبەجێ کرا. دوو پارتە گەورەکەی ئەمەریکا (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان) یەکتریان تاوانبار دەکرد لە خراپی رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنەکەی. 
کشانەوەی ئەمەریکا بەو پەلەپەلەییە، کاریگەری زۆر خراپی هەبوو لەسەر ئەمەریکا و پەیوەندییان لەگەڵ دۆستەکانیان، متمانە بە ئەمەریکا لەق بوو و رەخنەی زۆری لێ گیرا، سەرکەوتنە خێراکەی تاڵیبانیش جیهانی راچڵەکاند. 

دەرچوونی ئەمەریکا بە شکستخواردوویی، کاریگەری زۆرە لەسەر وڵاتانی دەوربەری ئەفغانستان، ئامادەباشی خۆیان نەکردبوو بۆ ئەفغانستانی دوای ئەمەریکا. هەموو ئەو وڵاتانە پێیان باشە ئەفغانستان وڵاتێکی سەقامگیر بێت و هەمووشیان هەوڵی ئەوە دەدەن سیاسەتی تاڵیبان لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت.

تاڵیبان، حکومەتەکەیان ناوناوە "میرنشینی ئیسلامی"، هەرچەندە دەڵێن رێکخراوێکی نیشتمانییە و تەنیا بۆ ئەفغانستانە، بەڵام بە کردەوە جیایە. پەیوەندییان بە "قاعیدە" و "تۆڕی حەقانی" و تاڵیبانی پاکستانەوە هەیە. ئێستا لە سەرەتای دامەزراندنیەوەیەتی و وادیارە لە هەڵەکانی پێشووی فێر بووبێت.
چین مەترسی کەمینە ئیسلامییەکانی ئیگۆری هەیە، نەوەک بە فیتی تاڵیبان بجووڵێنەوە، هەندێک لە ئیگۆرەکانیش لەنێو تاڵیباندا کاریان کردووە. چین پێویستی بە ئەفغانستانێکی ئارامە تا "رێگەی ئاوریشمیی تازە" بە ئەفغانستاندا ببات کە کورتترین و مسۆگەرترین رێگە دەبێت گەر ئەو ئارامییە جێگیر ببێت. 
تاڵیبان و پاکستان کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە و رەنگە چین بتوانێت بیانجووڵێنێت دژ بە هیندستان. 

روسیا بە ژمارە دانیشتوانی ئیسلامی کەمترە لەچاو چین، بەڵام بە رێژە بەرانبەر بە ژمارەی دانیشتوان، رێژەیان زیاترە، جگە لەوەی بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەستراونەتەوە بە روسیاوە و راستەوخۆ سەرپەرشتی ئاسایشی و ئارامیی ئەو وڵاتانە دەکات. 
تاجیکستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان، بەشێک لە گەلەکانیان لە ئەفغانستان دەژین، دواڕۆژ ئەو وڵاتانە دەتوانن ئەو گەلانە بجووڵینن دژ بە تاڵیبان، یان گەر تاڵیبان هەڵسوکەوتی خراپی کرد لەگەڵ ئەو گەلانە، دیار نییە کە ئەو وڵاتانە وەک تەماشاکەر دەمێننەوە یان هەڵوێستیان دەبێت.
پاکستان دۆستی کۆنی تاڵیبانە، لەگەڵ ئەوەش مەترسیی هەیە گرووپی چەکداری نێو پاکستان کە لەلایەن تاڵیبانەوە پشتگیرییان بکرێت.
هیند لە دەستتێوەردانی تاڵیبان لە کەشمیر دەترسێت.

 ئێران دڵی خۆشە بە شکستی ئەمەریکا، بەڵام مانای وا نییە دڵی خۆشە بە سەرکەوتنی تاڵیبان، چونکە ئێران و تاڵیبان لە رووی مەزهەبییەوە دوژمنی یەکترن. بوونی شیعەی هەزارە لە ئەفغانستان، وەک بۆمبێکی تەوقیتکراون. 

ئەمەریکا نازانێت ئەو رێککەوتنەی کردوویانە لەگەڵ تاڵیبان تا چەند بڕ دەکات. ئەو رێککەوتنە، رووی تاڵیبانی سپی کردەوە و دان بەو هێزە توندڕەوەدا نرا. 
ئەو هەموو ئەگەرانە و دەیان ئەگەری تری سیاسی و جوگرافی و ئابووری، داهاتووی ئەو ناوچەیەی بە چەندین مەترسیی نادیار سپاردووە. 


خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan