د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

٨ی مارتی ٢٠٢٤؛ رۆژی وەرچەرخان لە خەباتی ژنان

لە ٨ی مارتی ٢٠٢٤ سەرۆکی فەرەنسا واژۆی لەسەر دانانی بڕگەیەکی تازە کرد لە نێو دەستوری هەمیشەیی فەرەنسا، بەو بڕگەیە گەرەنتی تەواو بۆ ئازادیی لەباربردنی ئارەزوومەندانەی منداڵ دانا.

یاسای لەباربردنی منداڵ بە ئارەزوومەندانە لە ١٩٧٥ دەنگی لەسەردراوە و گۆڕانکاریی بەسەر تەمەنی سکپڕیەکەدا هاتووە کە لە ١٢ هەفتە بۆ ١٤ هەفتە لە ساڵی ٢٠٢٢.

لە ٢٠١٨ مەترسی لە نەهێشتنی ئەم یاسایە لە نێو بزووتنەوەی فێمێنیست بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی هەندێ وڵات دوای ئەوەی یاسای لەباربردنی منداڵ بە ئارەزوومەندانەی هەبوو ئەو یاسایەیان لابرد و قەدەغەکرا دوای ئەوەی هێزی راستڕەو دەسەڵاتی گرتەدەست وەک پۆلۆنیا، هەنگاریا و هەندێ ویلایەت لە ئەمەریکا، لە فەرەنسا هەرچەندە لەباربردنی ئارەزوومەندانە یاسایی بوو، بەڵام هەندێ پزیشک دژی دەبوون و نەیان دەکرد لەو سەنتەرانەی کە ئەو کارانەیان لەسەرشان بوو.

لە ٣٠/١/٢٠٢٤ پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی لەسەر دانانی ئەو بڕگەیە لە دەستوور دا بە ریژەی ٥٤٥ لە کۆی ٥٧٧ پەرلەمانتارانی بەشداربوو. لە ٢٨/٢/٢٠٢٤ ژووری پیران بە ٣٣٩ دەنگ لەکۆی ٣٤٧ بەشداربووی سیناتۆرەکان دەنگی بۆدرا کە بخرێتە نێو دەستورەوە. ئەوانەی دژ بوون، دژی ئەو یاسایە نەبوون، بەڵکو دژی دانانی بوون لە نێو دەستووردا.

لە ٤/٣/٢٠٢٤ لە ڤێرسای هەردوو ژوور و وەزیرەکان و سەرۆک وەزیران کۆنگرەیەکیان بەست تاکوو دەنگ بە دەستورکردنی ئەم یاسایە بدەن کە گەورەترین هۆڵە لە پاریس بۆ ئەم جۆرە دانیشتنە بگونجێ، ئەم دوو ژوورە تەنیا لە هەندێ حاڵەت پێکەوە کۆدەبنەوە تا پێکەوە دەنگبدەن، بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕگەیەکی دەستوور یان بۆ دەنگدان لەسەر وڵاتێک گەر بیەوێ ببێتە ئەندام لەنێو وڵاتانی ئەوروپای یەکگرتوو و بۆ ئەوەی گوێ لە باسێکی تایبەتی سەرۆک کۆمار بگرن.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان کە ژنە، بۆ یەکەمجار لە هەموو دنیا فەرەنسا پێشەنگ بوو بەدانای بڕگەیەک بۆ ئازادیی لەباربردنی رەزامەندانە و دەنگیشی لەسەر درا بە ٧٨٠ دەنگ لەگەڵ، ٧٢ بێدەنگ و ٥٠ دەنگ دژ و بەپێی دەستوور دەبێ دوو لەسەر پێنجی دەنگ رەزامەندی لەسەر بدرێت تا بڕگەکە جێگیر بکرێت. ئەو بێدەنگانە زیاتر لەنێو سیناتۆرەکاندا بوو ٤٦ دەنگ و ٢٦ لەنێو پەرلەمانتەرەکان و دەنگە دژەکانیش بەهەمان شێوە ٣٨ دەنگی سیناتۆر و ١٢ دەنگی پەرلەمانتار.

جگە لە بزووتنەوی فێمێنیستەکان، ژنانی نێو پەرلەمان و نێو سیناتۆرەکان رۆڵی گرنگیان هەبوو لە هاندان و لۆبی پەیداکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییە و لە دەرچوونی ئەو بیرۆکەی کە هەموو دەستکەوتێک ئەگەری ئەوەی هەیە پاشگەزببنەوە لێی، ئەفغانستان و ئێران نموونەن بۆ پاشگەزبوونەوە لە دەستکەوتەکان بەتایبەتی ئازادیی ژن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan