د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کێشەی کەلەدۆنیای نوێ

فەرەنسا خاوەنی چەندین دوورگە و کۆمەڵە دوورگەیە (ئەرخیبێل)، کە لە نێو چوار ئۆقیانووسدایە و بە ناوچە و خاکی ئەو دیوی دەریا دەناسرێت (DOM-TOM). فەرەنسا لە کاتی داگیرکاری و ئیمپریالیزمدا ئەو شوێنانەی داگیر کردووە و ئێستا ستاتۆی بەڕێوەبردنیان جیاوازە بەپێی دوورگە و کۆمەڵە دوورگەکان؛ هەندێکیان سەربەخۆییان زیاترە لە بەڕێوەبردندا لە هەندێکی تریان وەک ناوچەیەکی دەرەوەی فەرەنسا یاخود وەک بەشێک لە فەرەنسا. قەبارە و گرنگییان جیاوازە، هەندێکیان کەسی تێدا ناژی و هەندێکیان گەورەن و کاریگەرییان زۆرە، وەک: سانت پیرۆ، سانت بەرتێلیمی، سانت مارتان، گواتلووپ، مارتینیک، گوایان، مایۆت، رەینیۆن، پۆلینیزی فەرەنسی و کەلەدۆنیای نوێ.
خاوەنداریی فەرەنسا بەو دوورگانە، وای لە فەرەنسا کردووە ببێتە خاوەن دووەم زۆنی ئابووری تایبەتی دەریایی و خاکی دەریای لە دوای ئەمەریکاوە. فەرەنسا خاوەنی  18453 کیلۆمەتر کەناری دەیایە وە روبەرووی زۆنی ئابوری تایبەتی و خاوەنداریەتی ئیقلیمی دەریایی نزیکەی 10.2 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە. ئەم ناوچانە گرنگیی زۆریان هەیە لە هاتوچۆی بازرگانی، راوەماسی، ستراتیجی هاتوچۆ و سەربازیدا. لە سەدا نەوەد و حەوتی زۆنی ئابووریی تایبەتی دەریایی، لە دەرەوەی ئەوروپایە، لەگەڵ 30 وڵات سنووری دەریایی هەیە، بەشدارە لەگەڵ زۆربەی رێکخراوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان.

لەو دوو حەفتەیەی دوایی، بزووتنەوەی ناڕەزایی لە کەلەدۆنیای نوێ دەستی پێ کردووە و بازاڕ و قوتابخانە و زۆرێک لە بارەگاکانی دامەزراوەکانی حکومەت سووتێنران، رێگەی فڕۆکەخانە گیراوە، گواستنەوەی خواردن و دەرمان لە دەربەندەکاندا راوەستاوە و شەڕەتەقە بووە لە نێوان دانیشتواندا بە چەکی سوک و مامناوەندی، ئەمە مەترسییەکی گەورەی خستووەتە سەر فەرەنسا. کێشە تەنیا ئەوە نییە لەو دوورگەیەدا ئاژاوە هەیە، بەڵکوو کێشەکە لەسەر مانەوەی دوورگەکانی تریشە وەک بەشێک لە فەرەنسا.

کەلەدۆنیای نوێ، دەکەوێتە نێو خوارووی زەریای ئارام لە رۆژهەڵاتی ئوسترالیا، 17 هەزار کیلۆمەتر لە فەرەنساوە دوورە. لە 1774 گەڕیدەکانی ئینگلتەرا دۆزییانەوە، بەڵام تێیدا نەمانەوە. لە 1853وە فەرەنسا داگیری کردووە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بوو بە بەشێک لە خاکی فەرەنسی و دانیشتوانەکەی هاوڵاتی فەرەنسین. بەهۆی چوونی بێگانە بۆ سەر ئەو دوورگەیە و گواستنەوەی نەخۆشی و میکرۆبی تازە، هێندە لە دانیشتوانە رەسەنەکەی مردن، کە رێژەی دانیشتوانەکەی بوو بە نیوە. دانیشتوانەکەی 270 هەزار کەسە؛ دانیشتوانە رەسەنەکەی پێیان دەوترێت "کەنەک" کە بە رەگەز میلانیزین و دانیشتوانی هاوەردەکەش بە "کەلدۆش" دەناسرێن. کەلدۆش لە سەرەتادا ئەو زیندانیانە بوون کە حکومەتی فەرەنسی نەفی دەکردن و دەبوو بۆ هەتایە لەسەر ئەو دوورگەیە بمێننەوە، تەنانەت دوای ئەوەی حوکمەکانشیان تەواو دەبوو، وەک کرێکار بەکاریان دەهێنان. زۆربەی زۆریان لە جەزائیرییەکان و ڤێتنامییەکانن، کە کاتی خۆی دژ بە فەرەنسییەکان بەرگرییان کردووە. ئێستا هاوردەی تری لێیە لە میللەتی فەرەنسی، ئەفریقی، ئەوروپی و وڵاتانی تر.
دوای دۆزینەوەی نیکڵ لەو دوورگەیەدا و دەرهێنانی نیکڵ کۆچ زۆربووە. ئێستا ژمارەی کۆچبەران زیاترن لە ژمارەی دانیشتوانە رەسەنەکەی (کەنەک). کەنەک لە چەندین عەشیرەتی جیاواز پێک هاتوون و یەک گەل نین و لە نێو خۆیاندا بەشبەشن، بۆ نموونە؛ هەندێک لەو عەشیرەتانە تەنیا کاری نوشتەگەری و چاککردنەوە دەکەن و هەندێکیان تەنیا راوەماسی دەکەن. هەرچەندە زمانی فەرەنسی زمانی فەرمییە، بەڵام 28 زمانی ناوچەیی بوونیان هەیە.

کەلەدۆنیای نوێ، خاکەکەی زۆربەی شاخاوییە، زۆر دەوڵەمەندە بە نیکڵ و خاوەنی لە سەدا بیست و پێنجی هەموو نیکڵی جیهانە. لە سێ پارێزگا پێک دێت، بەشی رۆژهەڵات و باکووری، زیاتر کەنەکن و بەشەکەی تر زیاتر دانیشتوانی ترن و شارە گەورەکان دەکەونە ئەو بەشە. کەلەدۆنیای نوێ بەشێکە لە فەرەنسا و دوو ئەندامی لە پەرلەمانی فەرەنسی و ژووری پیراندا هەیە. کەلەدۆنیای نوێ پەرلەمانی هەرێمیی هەیە و بەپێی رێژەی دانیشتوانە جیاجیاکان ئەندامیان هەیە. بەگشتی رێژەی هەژاریی بەرزە و خوێندن و خاوەن بڕوانامەی کەمە و ئەم رێژەیەش لە کەنەکەکاندا زیاترە. زۆربەی خواردن و دەرمان و پێداویستییەکان هاوردە دەکەن، هەر بۆیە ژیان قورسە و گرانییە. خواردنی سەرەکییان ماسییە.

بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئازادیی نەتەوەی کەنەک (FLNKS)، رێکخراوێکی جوداخوازی بوو و داوای سەربەخۆیی دەکرد. لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەو بزووتنەوەیە گەورە بوو و خەباتی چەکدارییان دەکرد، بەتایبەتی لە نێوان ساڵی 1984 تا 1988 بە سەرۆکایەتی ژان ماری تیبۆ. لە 1988 لە نێوان فەرەنسا و ئەو رێکخراوەدا رێککەوتن کرا و هەندێک دەسکەوتیان بەدەست هێنا؛ دان بە میللەتی کەنەکدا نرا و ئەو ناوچەیە دابەشی سێ پارێزگا کرا، هەڵبژاردنی شارەوانی کرا و یارمەتیی ئابووری زیاد کرا. ژان ماری تیبۆ لە ساڵی 1989 لەلایەن هەندێک لایەنی رادیکاڵی ئەو رێکخراوەوە کوژار کە دژ بەو رێککەوتنە بوون.

لە 1998 پەیمانی نۆمیا (پایتەختی کەلەدۆنیای نوێ) واژۆ کرا و بڕیاری ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی درا، بە مەرجێک تەنیا ئەو کەسانە و منداڵەکانی ئەو کەسانە لەو ریفراندۆمەدا بەشدار بن کە پێش 1998 دانیشتوانی ئەو دوورگەیە بوون.

تا 2021 سێ جار ریفراندۆم کرا، هەر سێ جارەکە بە نەخێر دەنگ درا. دواڕیفراندۆم، بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئازادیی نەتەوەی کەنەک بایکۆتی کرد، ئەویش بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەرچەندە گەر بەشداریشیان بکردایە هەر نەخێر دەیبردەوە، لەبەر ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و رێژەی دانیشتوانی کەنەکە ئێستا لە سەدا چل تێپەڕ ناکات بەهۆی ئەو خەڵکانەی هاوردە کراون.
ئێستا جگە لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئازادیی نەتەوەی کەنەک، هێزێکی تری رادیکاڵی گەنجان دروست بووە بەناوی (شانەکانی هەماهەنگیی کردارەکانی سەر خاک) (CCAT)، ئەمانە زیاتر بڕوایان بە توندوتیژی هەیە، چەکدارن و لە لایەن ئازەربایجانەوە پشتگیری دەکرێن و لەگەڵ ئاڵای خۆیان، ئاڵای ئازەربایجان هەڵدەگرن و ساڵی پار لە ئازەربایجان کۆنفرانسێکیان بۆ گیرا و میوانداری کرابوون.

لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی لەسەر یاسایەک دا، کە دەبێت ئەو کەسانەش بەشداریی ریفراندۆم بکەن لە کەلەدۆنیای نوێ کە 10 ساڵە لەو دوورگەیەدا دەژین، مادام ئەمانە باجی خۆیان دەدەن، دەبێت مافی دەنگدانیشیان هەبێت و ئەمە مافێکی سەرەتایی دیموکراسیەتە و نابێت مافیان بخورێت.

ئەم یاسایە بووە ئەو پرووسکەیەی ئاگری لەو دوورگەیەدا کردەوە و مەترسی شەڕی نێوخۆی بەرپا کردووە، بەتایبەتی لە نێوان دانیشتوانە کۆن و تازەکان. بەگشتی، دانیشتوانەکانی پێشوو رێژەی هەژاری و بێکارییان تێدا بەرزە و ئەوانەی هاتووشن زۆربەیان سەرمایەدار و بازرگانن، ئەوانەی کار لە دەرهێنان و بازاڕی نیکڵدا دەکەن.

بزووتنەوەی ئەم جارە، گەورەتر و ترسناکترە وەک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازەکانی پێشوو. ئێستا چەندین وڵات لە بەرژەوەندییاندایە فەرەنسا دەربچێت، لەوانە:
− چین، جووڵانەوەی بازرگانیی چین لەو ناوچەیەدا زۆر بووە و رێژەیەکی زۆری هاوڵاتییان بەرەو دوورگەکانی نزیک کۆچیان کردووە، وەک فیجی، ڤاناتوو و ناورو... کە لە بەرژەوەندییاندایە کەلەدۆنیای نوێ سەربەخۆیی وەربگرێت و رێگەی بازرگانیی ئاسانتر دەبێت.
− ئوسترالیا، چونکە چ لە بازرگانیدا و چ لە ستراتیجی سەربازیدا کارئاسانیی زۆری بۆ دەبێت.
− ئازەربایجان، کە دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە فەرەنسا بکاتەوە، چونکە پشتگیریی ئەرمینیای کرد، بەتایبەتی کاتی گرتنی ناگۆرنۆ کەرەباغ.
هەروەها رووسیا، تەنیا دەوێت فەرەنسا بخاتە گێژاوە و تۆزێک لە ئۆکرانیای بەدوور بگرێت. ئەمەریکا و ئینگلتەرا لە بەرژەوەندییاندا نییە کەلەدۆنیای نوێ سەربەخۆیی وەربگرێت و بێلایەنن.

میدیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری رەوشی کەلەدۆنیای نوێن، دەکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی کەلەدۆنیا بگرێت و بڕیارێکی تایبەتی بۆ دەربکات.

فەرەنسا بێپلانە بەرانبەر بە بزووتنەوەی ئەم جارە، پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئازادیی نەتەوەی کەنەک دەکەوتە گفتوگۆ و داواکارییەکان روونتر بوون و ناسراوتر بوون بۆ یەکتر.

هەرچەندە یاسای باری نائاسایی بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەرکرد و تیک تۆک قەدەغە کرا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت. هەندێک لە سوپاکەی بە رێ کردە ئەو دوورگەیە بۆ پاراستنی ئارامی و ژیانی هاوڵاتیان، بەڵام کێشە لەوەدایە زۆربەی هاوڵاتییەکان چەکدارن. دووریی ئەو دوورگەیە لە فەرەنساوە هاتوچۆ قورس دەکات، ناسەقامگیریی باری ئەمنی تاکە فڕۆکەخانەکەی و بوونی رێگری لە لایەن رادیکاڵەکانەوە، هۆکارێکی تری ئاستەنگییە لە هاتوچۆدا.

ئەم گرووپە رادیکاڵەی ئێستا، کە ئەوانیش بێبەرنامەن، گفتوگۆ لەگەڵیان ئەستەمە، هەر بۆیە بەهۆی بزووتنەوەی ئەم جارەوە، نائارامیی زیاتر باڵی کێشاوە بەسەر دۆخەکەدا، ئەمە جگە لە بێکاری و هەژاری و دەستتێوەردانی بێگانە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan