د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کڕین و فرۆشتنی جلوبەرگی دەستی دوو

لەو چەند ساڵەی دوایی جۆرە بازرگانییەک هەرچەندە تازە نییە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە تاک بەگشتی باری ئابووریی باشە؛ ئەویش بازرگانیی دەستی دووی جلوبەرگە.

هەر لە کۆنەوە، لە هەموو وڵاتان کڕین و فرۆشتنی دەستی دوو کراوە و بەگشتی ئەو کەسانە کڕیار بوون کە باری ئابوورییان زۆر لەبار نەبووە و توانایان نەبووە هەردەم جلی تازە بکڕن، یاخود هەندێک جار روویان کردووەتە دەستی دوو، چونکە ئەوەی پێویستیان پێ بووە لە بازاڕی تازەدا دەستیان نەکەوتووە.

ئەوەی تازەیە لەم جۆرە بازرگانییەدا، هەندێک بازاڕی زۆر بەناوبانگ کە تایبەت بوون بە فرۆشتنی جلوبەرگی گرانبەها و هەموو وەرزێک مۆدێل و ستایلی تازە دەخەنە بازاڕەوە، بەشێکیان تەرخان کردووە بۆ جلوبەگی دەستی دوو. 

جلوبەرگی دەستی دوو؛ ئەو جلوبەرگەیە پێشتر بەکارهاتووە، جا چ زۆر یاخود کەم بەکار هاتبێت، خاوەنەکەی دەیفرۆشێتەوە بە کەسێکی تر. راستەوخۆ بۆ دەستی دووەم، بەتایبەتی ئێستا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەکرێت، یاخود بە دوکانی تایبەت دەفرۆشرێت و پاشان ئەم دوکانانە سەودای پێوە دەکەن. هەندێک کەس جلوبەرگە بەکارهاتووەکانیان دەبەخشنە هەندێک رێکخراوی خێرخوازی و ئەو رێکخراوانەش دەیفرۆشن و پارەکەی بۆ مەبەستی خێرخوازی بەکار دەهێنن. 

پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028 نزیکەی 25 ملیار یورۆ مامەڵەی بازرگانیی دەستی دووەم بێت، لەکاتێکدا ساڵی 2022 مامەڵەی ئەو جۆرە بازرگانییە بڕی 15 ملیار و نیو یورۆ بووە. 

کۆمپانیای گەورە و جیهانیی هەن، ناوبانگیان دەرکردووە و لە سەرتاسەری جیهاندا لەو بوارەدا کار دەکەن، وەک: کۆمپانیای ڤانتید، بۆ یەکەم جار لە لیتوانیا دامەزرا و ئێستا لە زۆر وڵاتدا کار دەکات و نزیکەی 30 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. 

زیادبوونی بەکارهێنانی جلوبەرگی دەستی دوو، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک:

1-  خراپبوونی باری ئابووریی خەڵک، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرنا. کۆرۆنا بە شێوەیەکی گشتیی رۆڵی نەرێنیی بینی لەسەر ئابووری وڵاتان و بووە هۆی مایەپووچبوونی بەشێک لە کۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیای بچووک و نەیانتوانی دوای کۆرۆنا بەردەوام بن لە کار، ئەمەش بووە هۆی زۆربوونی بێکاری. بەردەوامبوونی ئیشکردن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە و نەچوون بۆ شوێنی کار، رێژەی پێویستبوونی جلوبەرگی تازە و جوانی و خۆڕازاندنەوەی کەم کردووەتەوە.

2-  شەڕی ئۆکرانیا بووە هۆی گرانبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خواردن و سووتەمەنی، ئەمەش وای لە تاک کردووە توانای کڕینی کەمبێتەوە.
کڕینی جلوبەرگ لە دەستی دوو، تێچووەکەی کەمترە وەک ئەوەی بە تازەیی بیکڕیت، ئەو کەسانەی کێشەی ئابوورییان هەیە، دەتوانن زیاتر گرنگی بە پێداویستییە سەرەکییەکانیان بدەن وەک لە کڕینی جلوبەرگ و کەمالیاتەکانیان.

3-  کڕینی هەندێک جلی مارکەی گرانبەها لە دەستی دوو بە پارەیەکی کەمتر، بەتایبەتی لەلایەن گەنجانەوە کە حەز و ئارەزوویان لەگەڵ گیرفانیان ناگونجێت.

4-  نزیکەی بیست ساڵێک پێش کۆرۆنا، سەرمایەدارەکان مێشکی خەڵکیان بۆ شتکڕین ئامادە دەکرد و نزیکەی لە سەدا شەستی کڕینی جلوبەرگ بەرزبووبووەوە لە چاو ساڵانی پێش 2000، نەک هەموو وەرزێک، بگرە هەموو مانگێک مۆدیلی تازەیان دەردەکرد. جۆرەکانی قوماشی بەکارهاتوو زۆر خۆیان نەدەگرت و تا رادەیەک بە جلی دسپۆزەل دەچوون، هەر بۆیە ناویان نابوو (فاست فاشن) لەسەر شێوەی فاست فوود. 
 ساڵانە نزیکەی 130 ملیار پارچە جل بەرهەم دەهات. بەرهەمهێنانی ئەو ژمارە زۆرە لە جلوبەرگ، پێویستی بە وزە و ئاوی زۆر هەیە، هەروەها چاندنی لۆکە و کەتان و بەرهەمهێنانی خوری، یاخود دروستکردنی قوماشی سەنتەتیک وەک نایلۆن و ئەکریلک... بەکارهێنانی وزەی زۆر بۆ دروستکردنیان لە کارگەکان و گواستنەوەیان لەمسەری دنیا بۆ ئەوسەری دنیا و فڕێدانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن؛ بەکارهێنانی کارتۆن و پلاستیک... کە هەموو ئەمانەش پیسکەری ژینگەن. ژینگەپارێزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە زەوی و دواڕۆژی زەوی و نەوەکانی داهاتوو، لەو بیست ساڵەی رابردوو زۆر گەشەی کردووە و تاکی خستووەتە بەر بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە هەڵسوکەوتی رۆژانەی تا زیاتر بیر لە هەموو وردەکارییەک بکاتەوە. بەکارهێنانی جلوبەرگی دەستی دوو، وەک رەفتارێک سەیر دەکرێت کە لە خزمەت ژینگەدایە.

5-  کڕینی جلوبەرگی دەستی دوو، جیاوازە لەگەڵ ئەو جلانەی لە بازاڕ دادەنرێت و بە ژمارەیەکی زۆر و زۆر کەس هەمان جل لەبەر دەکەن؛ ئەم جۆرە جلە، زۆر جار تایبەتییە و تاقانە دەبێت، یاخود هەندێکیان مۆدێلی کۆنن کە جارێکی تر باویان دێتەوە و بە پارەیەکی کەم دەست دەکەوێت، هەندێک جاریش نۆستالیجت هەیە بۆ کاتی خۆی کە مۆدێلی بووە و حەزت لێی بووە و دەتەوێت جارێکی تر یادی بکەیتەوە.

6-  بڵاوبوونەوەی هەندێک فلیم و زنجیرەی سینەمایی لەسەر ئەو کۆمپانیا و مۆدێلە بەناوبانگانەی جیهان، زیاتر هانی خەڵکی داوە بە دوای مۆدێلە کۆنەکانی ئەو مارکانەدا بگەڕێن. 

7-  لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەم جۆرە مامەڵەیە ئاسان بووە، بە چەند کلیکێکی تەلەفۆنی دەستیی هەر لە ماڵەکەی خۆی و بەپاڵکەوتنەوە بە کارتی زیرەک پارەکە دەدات و دوای چەند رۆژێک پانتۆڵێکی شانێل، یاخود کراسێکی ئیڤ سانت لۆرەن، یاخود چاکەتێکی هەرزانی بێمارکە دێتە بەر دەرگا.

8-  هەندێک جار حەز بە گۆڕینی جلوبەرگ دەکەن، بەڵام لەبەر کەمشوێنی بەشێک لە جلەکان بە دەستی دوو دەفرۆشن و بە دەستی دوو جلی تر دەکڕن. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی مامەڵەی جلی دەستی دوو دەکەن، لە تەمەنی 18 - 35 ساڵیدان. 
 پێش ساڵی 2020، لە سەدا حەفتای خەڵک لە ئەوروپا لە دوکانەکان جلوبەرگیان دەکڕی، بەڵام ئێستا لە سەدا حەفتا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەیکڕن.

9-  کەمیی کات، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کار دەکەن. زۆر جار ئەو کەسە لە حەفتەیەکدا تەنیا یەک دوو رۆژ کار ناکات، لەبەر ئەوە پێی باشترە سوود لەو کاتانە وەربگرێت بۆ هەندێک لایەنی تر، وەک: وەرزش و چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانی، یاخود لەگەڵ منداڵەکانی بێت وەک لەوەی لە دوکانەکان بە دوای جلدا بگەڕێت.

ئەگەر جاران کڕینی جلوبەرگ لە دەستی دوو سیمای هەژاریی بووبێت، لە ئێستادا بە شێوەیەکی تر سەیری دەکرێت، چونکە بەشێکی زۆر لەوانەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن؛ کەسانێکن باری ئابوورییان باشە.

هەندێک لایەن دژی ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕەن و وای دەبینن زیانی هەیە بۆ وڵاتانی هەژار، چونکە پێشتر ئەو جلانە دەدران بە رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەکوو خاچی سوور و ئەویش دەیناردە وڵاتی هەژار، یاخود بۆ ئەو شوێنانەی تووشی کارەساتی جەنگ و لافاو و بوومەلەرزە دەبوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە زۆر کەمی کردووە، دووەمیش ئەو پارچانەی زۆر خراپن و کەڵکی فرۆشتنیان نەماوە، دەدرێن بەو رێکخراوانە.

 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan