د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

ڤاگنەر، کارتی جۆکەری پوتین

ڤاگنەر؛ کۆمپانیای گرووپێکی چەکداری تایبەتییە و بە گرێبەست کار بۆ وڵاتان دەکات. لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ناویان زۆر زەقبووەتەوە، هەرچەندە پێشتر لە زۆر شوێنی تریش کارا بوون.

لەلایەن ئەفسەری خانەنشین "دیمیتری ئۆتکین"ەوە دامەزراوە، کە هەڵگری بیری نازیەت بووە و ناوە نهێنییەکەی "ڤاگنەر" بووە. ڤاگنەر، ناوێکی ئەڵمانییە، بۆ ئەو کەسانە بەکارهاتووە کە شتومەکیان بە گالیسەکەی گەورە گواستووەتەوە. 

لە ئێستادا "یەڤگینی بریگۆجین" کە بە "شێفی پوتین" بەناوبانگە، سەرۆکی کۆمپانیاکەیە. بریگۆجین چەند جارێکی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و ماوەی نۆ ساڵ بەتاوانی دزی و ساختەکاری لە زینداندا بووە. دوای ئازادبوونی، کۆمپانیای خواردن دادەنێت و دەبێتە بەڵێندەری زۆرێک لە کافتریاکانی خوێندنگە، هەروەها خواردنی کۆشکی کرملینیش دابین دەکات و نازناوی "شێفی پوتین" لەوەوە هاتووە، پاشان دەبێتە سەرمایەدارێکی زۆر گەورە. زۆر نزیکە لە پوتین و کرملینەوە، لەو کاتەی دۆسییەکانی کۆمپانیای ڤاگنەر هاک کران، تەلەفۆنەکەی بریگۆجین دەری خست کە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا دەیان جار تەلەفۆنی تایبەتی بۆ پوتین و وەزیری بەرگری و ئاژانسی هەواڵگریی رووسی کردووە.

ڤاگنەر، وەک کۆمپانیا لە ئەرجەنتین ناوی تۆمار کراوە، بەڵام بنکەکەی لە رووسیایە، چونکە دەستووری رووسی رێگە نادات لە دەرەوەی سوپای فەرمی چەکدار هەبێت و پاراستنی ئەمن و ئاسایش تەنیا لە دەستی دەزگا فەرمییەکانی حکومەتدایە، هەر لەبەر ئەمەشە پوتین هەموو دەم حاشا لە بوونی ڤاگنەر دەکات. لەگەڵ ئەوەش، پەیوەندی نێوان ڤاگنەر و سوپای رووس زۆر بەهێزە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرە خانەنشینەکانی سوپای رووس لەنێو ئەو هێزەدان و شوێنی مەشقیان لە تەنیشت سەربازگەیەکی رووسییەوەیە لە باشووری رۆژئاوای رووسیا، پێدەچێت سەرچاوەی چەکەکانیشیان هەر سوپای رووس بێت.

ئەم هێزە، بە هێزی جۆکەری پوتین ناودەبرێن، هەر کاتێک رووسیا مەبەستی بێت لە شوێنێکدا بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و سوپاکەی نەتوانێت ئەو ئەرکە بەئاشکرا ئەنجام بدات، ئەوا هێزی ڤاگنەر دەنێرێت. 

ئەو شوێنانەی ڤاگنەر لە 2014ەوە چالاکیی تێدا ئەنجام داوە: 
- لە سودان، بەمەبەستی پاراستنی کانەکانی زێڕ و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن.
- لە مالی، لە دژی گرووپی ئیسلامیی توندڕەو شەڕیان کردووە.
- لە ئەفریقای ناوەڕاست، بۆ پارێزگاریکردن لە کانەکانی ئەڵماس.
- لە ڤەنزوێلا، بۆ بەرگریکردن لە سەرۆک.
- لە مۆزەمبیق دژ بە بزووتنەوەی ئیسلامییەکان.
هەروەها لە مەدەغەشقەر و زیاتر لە ١٥ وڵاتی ئەفریقی کار دەکەن.

هێزەکانی ڤاگنەر لە دوو شوێن زۆر بەزەقی دەرکەوتن؛ لە سوریا، لە ساڵی 2015 پارێزگارییان لە چاڵە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەکرد. لە هێرشێکی سوپای سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمەریکا لە ناوچەی دێرەزور، بە موشەکبارانی فڕۆکەکانی ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا، کە نزیکەی 200 کەس لە کوژراوەکان رووسی بوون. هەرچەندە رووسیا نکۆڵیی کرد کە ئەوانە لە سوپای رووسیدا بن، بەڵام بە فڕۆکەی یەکەی ئاسمانیی ٢٢٣ی رووسی دەگواسترانەوە و لە نەخۆشخانەکانی رووسیا چارەسەر دەکران. 

هەروەها لە لیبیا، لە ساڵی 2018 لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، چوونە پاڵ مارشاڵ خەلیفە حەفتەر و شەڕیان بۆ کرد.

لە 2014 بۆ لکاندنی دوورگەی قرم (کریمیا) بە رووسیاوە، وەک خەڵکی ئۆکراین و بەبێ لۆگۆی گرووپەکە کە "ئێسکی کەللەسەر"ە و بە جلی یەکپۆشی سەوزەوە رژانە سەر شەقامەکان و داوای جیابوونەوەیان دەکرد، هەروەها لە شەڕەکانی گرتنەوەی دونباس و لۆهانسکیشدا بەشدار بوون.

ئەندامێکی پێشووی ئەو گرووپە، لە دیدارێکی لە تەلەڤزیۆنی (LCI) فەرەنسیدا وتی: هیچ هێزێک وەک لەو هێزەی ئێمە هەمانە، لە رووسیا ناتوانێت بوونی هەبێت بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. 
وتیشی: بەبێ ڤاگنەر، سوپای رووس نەیدەتوانی ئەو سەرکەوتنانە بەدەست بهێنێت لە ئۆکرانیا.

سەرچاوەی دارایی گرووپەکە، پشتی بەستووە بە رێککەوتن و گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەو حکومەت و کەسانەی کاریان بۆ دەکات، هەروەها هەندێک بیرەنەوت و کانی زێڕ و بەردی بەنرخیش لەو وڵاتانە وەردەگرن.

پێکهاتەی گرووپەکە: زۆربەی بەڕێوەبەر و بەرپرسەکان لەو ئەفسەرانەن کە لە سوپای رووسیدا خانەنشین دەبن، ئەندامەکانیشیان زۆربەیان گەنجی بێ ئیشن، چونکە ئەو مووچەیەی دەدرێت بە چەکدارەکانیان، زۆر زیاترە لەوەی لە رووسیا پێیان دەدرێت، بەشێکیشیان لەو گەنجانەن کە حەزیان بە شەڕەنگێزی و توندوتیژی هەیە، هەروەها ئەو گەنجانەش کە حەز دەکەن گەشت بکەن بۆ وڵاتانی تر. لە ساڵی رابردوو، ڤیدیۆیەک بڵاو کرایەوە تێیدا سەرکردەیەکی ڤاگنەر لە گرتووخانەیەک لەگەڵ ئەو گیراوانەی لەسەر کاری خراپ سزا دراون و ئەوانەش کە بۆ ماوەی زۆر حوکم دراون دەدوێت و هانیان دەدات بچنە نێو ئەو گرووپەوە، لە بەرانبەریشدا سزاکانیان بۆ سووک دەکرێت گەر کاریان لەگەڵ بکەن.

لە ئێستادا لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، نزیکەی لە سەدا دە لە چەکدارانی سوپای رووسیا، هێزەکانی ئەو گرووپەن. 

هەر ئەندامێک کە دەچێتە نێو ئەو گرووپە، پێشوەخت دەزانێت ئەگەری کوشتنی لە سەدا پازدە و برینداربوونیشی لە سەدا بیست و پێنجە. لە رووسیا گۆڕستانێک بۆ کوژراوەکانیان تەرخان کراوە، بەتایبەت بۆ ئەو بەکرێگیراوانەی بێکەس و بێناونیشانن. بەپێی راپۆرتی چالاکوانێکی رووسی، لەو گۆڕستانەدا زیاتر لە ٣٠ هەزار کوژراو نێژراون. هۆی کوژرانیان بەو ژمارە زۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەچنە ئەو شوێنە مەترسیدارانەی کە تەنانەت سوپاش بۆی ناڕوات، بەهۆی داواکاریی زۆر لەسەریان، باش مەشقیان پێ ناکرێت و بەزوویی دەیاننێرنە بەرەی شەڕ.

ئەو گرووپە، زۆر بەدناون و زۆر کاری خراپ ئەنجام دەدەن، لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی سکاڵای زۆریان لەسەر تۆمار کراوە لەسەر دزی، ئازاردانی خەڵکی سڤیل، کوشتن و لاقەکردن... هەروەها دەستیان هەیە لە هەندێک تاوانی کوشتنی چالاکوان و رۆژنامەنووس و ئۆپۆزسیۆنی پوتین.

رەنگە بپرسین هێزی دووەمی سەربازیی دنیا چ پێویستییەکی بە گرووپێکی چەکداری لەو جۆرە هەیە، بەڵام ئەمە کارێکی تازە و نامۆ نییە، بیرمانە هێزەکانی ئەمەریکا کاتێک هاتنە ناو عیراقەوە هێزی "بلاک وۆتەر"ی بەدناویان لەگەڵ خۆیان هێنا. 

لەئێستادا ڤاگنەر بەمەبەستی کەمکردنەوەی ناوهێنانی و ئەو تیشکەی خراوەتە سەری، هەوڵدەدات بەناوی تر، وەک  "لیگا" یاخود "باز" کار بکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan