کوردستانی

مەلا بەختیار: زۆرینەی رەھای خەڵک، متمانەی بەم حزبانە نەماوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەلا بەختیار: زۆرینەی رەھای خەڵک، متمانەی بەم حزبانە نەماوە
مەودا میدیا-

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت سەرئەنجامی ھەڵبژاردن و خۆلادان لە ھەڵەی ستراتیژی، ئاماژە بەوەشدەکات هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە تێکەڵەی حکومەتی شەرعی  و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانییەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نییە.

لە نووسینەکەیدا مەلا بەختیار کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە "هەروەکو چاوەڕوان دەکرا هەڵبژاردن سێ  ئەنجامی لێکەوتەوە، رێژەی دەنگی هەموو هێزە عیراقی و کوردستانیەکان زۆر دابەزی و نەخشەی سیاسی بنچینەیی عیراق نەگۆڕا و کاردانەوەی توندی بەشێک لەهێزەکانی شیعە سەریهەڵدا، ئەم سێ راستیە یەک بە یەک چارەنووسی هێزه عیراقی و کوردستانیەکان دەخاتە قۆناغێکی سەختی تاقیکردنەوەی حکومڕانی و جەماوەری".

مەلا بەختیار دەڵێت "هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە تێکەڵەی حکومەتی شەرعی  و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانییەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نییە، ئەمە لەکاتێکدا لەم هەلومەرجەی ناوچەکە و عیراقدا، کوردایەتی بووەتەوە بە ئەرکی چارەنووسازی کوردستان، ئەرکێکی چارەنووساز کە هێشتا دابڕاو نییە لە بارودۆخی عیراق، هەرئەم پێوەندی باشووری کوردستان و عیراقە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە کێشەی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان کردووەتە بەشێک لە پرسی دیموکراسی ناوچەکە کە بەداخەوە رەوتی مووزایەدەخوازی ناو کوردایەتی، ناو بەناو ئەم راستییە بابەتیە ئۆرگانیکیە لە نێوان بەشەکانی کوردستان و پرسی دیموکراسی دەکەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان شکستیان خواردووە".

باسی لەوەشکردووە "عیراقی دوای هەڵبژاردن، نە هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕی و نە پێوەندی کوردستان و عیراقشی خستە قۆناغێکی ترەوە، بۆیە هاوسەنگی هێز لەنێوان کوردو شیعە و سوننە کاریگەریەکەی ماوە، بە هەندێک گۆڕانکاری کەمەوە ئەویش ئەمەی خوارەوەیە: کە ناکۆکی جەمسەربەندی نێوان شیعەکان و سوننەکان تا رادەیەک قوڵتر بوو ناکۆکی هێزە کوردستانییەکان کەمترە، بۆیە پێمانوایە زەمینەی ڕێکخستنی هێزە کوردستانییەکان لەچاو جاران لە بارترە".

باسی لەوەشکردووە "دۆخی دانووستان لە عیراقدا بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی کوردستان و عیراق نەکەن، پێداگری لەسەر مافە تەسکەکانی حزبایەتی بکەن. نەک هەڵەیەکی تەکنیکی بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژی دەکەن، بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەکە  لێکبدرێتەوەو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە کوردستانیەکان یەک بخرێت. پێکیشەوە دوای چەندین کۆبوونەوەی دۆستانە بەبڕیاری هاوبەش و بەرنامەیەکی تۆکمەی دانووستاندن، کە تەواوی مافەکانی کوردستان بەرجەستە بکات، هاوکات قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستنی دێهاتەکانیش، بکرێنە بەشێکی دانووستان لەگەڵ بەغدا".

مەلا بەختیار دەشڵێت "هێزە کوردستانییەکان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی کوردستان، دەکەونە ژێر چاودێری هەمەلایەنەی رای گشتی ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە عیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسکەوتی هاوبەش بۆ کوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی کوردستان زیاتر بەدەستدێنن، بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێکی کوردستانی، لە دۆڵێکی تەسکی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لە هەڵبژاردنی عیراق باشتر نابێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب