ئەدەب و هونەر
هونەرمەندێكى دیاری كوردستان كۆچی دوایی كرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوێنێ دووشەممە هونەرمەند جەعفەری ماملێ برای محەمەدی ماملێ كۆچی دوایی كرد.
دوێنێ دووشەممە 17ى شوباتى 2020 هونەرمەندی دیاری رۆژهەڵاتی كوردستان و برای هونەرمەندى گەورەی رۆژهەڵاتی كوردستان محەمەدی ماملێ لە شاری مەهاباد كۆچی دواییكرد.
وێستگەی ژیانی جەعفەری ماملێ
جەعفەری ماملێ کوڕی سەعیدی ماملێ لە ساڵی 1941ز له شاری مەهاباد له دایکبووە، هەر له سەرەتای منداڵی باوکی لە دەست دەدات لەژێر سایەی براکانیدا ژیان بەسەر دەبات.
هەر لە منداڵیەوە جەعفەری ماملێ ئەرکی سەرپەرشتی دەکەوێته ئەستوی براگەورەكە كە دەكاتە محەمەدی ماملێ، به هوێ نالەباری بارودۆخی ژیان، واز لە قوتابخانه دێنێت و خوێندن بەجێ دەهێڵێت و ڕوو له کار و کاسپی دەکات.
هونەرمەند جەعفەری ماملێ لە سەرەتای لاویدا دەستی به وتنی قەتار و شیعری وەفایی کردووه، زۆر زوو توانای خۆی له وتنی تەواوی دەستگاکانی موسیقادا نیشانداوە، لەتەمەنی 19 ساڵیدا لەگەڵ حەلیمه خان ژیانێ هاوبەشی پێکهیناوە، بەرهەمی ژیانیان کورێک و سێ کچە بە ناوەکانی بەختیار، وەفا، سەفا و سەحەر.
هۆنراوەی وەفایی،جانانه، قەتار ناوئاخێنی بەشی زۆری گورانییەکانی ئەم هونەرمەندەن، زۆربەی بەرهەمەکانی لای خەڵک تومارکراوه.
له ساڵی 1992ز لەگەڵ هەندێک لە ژەنیارەکانی باشووری کوردستان، بەرهەمی فرمێسکی شەوی له شاری مەهاباد تومار کردووه.
ساڵی 1995 له یادی مامۆستا (وەفایی)دا له شاری مەهاباد به شداری کرد،که بە وتنەوەی هۆنراوەکانی بە گۆرانی پێشوازێکی زور بێ وێنەی لێکراوە.
له ساڵی 1999 لەلایە ئەنجومەنێکی فەرهەنگی کوردی له وڵاتی سوید بانگهێشتن کراوە لە گلوبنی شاری ستۆکهۆڵم و دواتر له چەند شاری تر کۆنسیرتی بەرێوەبردووە هەروەها لە چەندین کۆنسرتدا لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشداری کردووە.
دواجار لە تەمەنی 79 ساڵی و لە شاری مەهاباد دوێنێ دووشەممە بەهۆی نەخۆشیەوە گیانی لە دەستدا.