کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: گەنج و لاوان شادەماری بەردەوامیی ژیانی حزبی یەکێتی دەبن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: گەنج و لاوان شادەماری بەردەوامیی ژیانی حزبی یەکێتی دەبن
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە خاتوو نەجات بیلکاسم، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا لە فەرەنسا و چەند پرسێکی گرنگ لە دیدارەکەدا تاوتوێکران.

لە دیدارێکدا ئەمین بابە شێخ و پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د.یوسف گۆران، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی خوێندنی باڵا، ئاستی زانکۆکانی ھەرێم، پێشخستنیان، ریفۆرم لە پرۆگرام و چاکسازی لە قۆناغەکانی خوێندن و چۆنێتی فەراھەمکردنی ژینگەی لەبار بۆ خوێندکاران و گرنگی بە توانا زانستییەکانیان بدرێت.

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران و گرنگیدان بە توانای گەنجان لەناو یەکێتی و دەستگیرۆییان و راگرتنی ھاوسەنگی جێندەری لە سەرکردایەتیی یەکێتی و توانا و ھێزی ژنان لە سەرکردایەتیکردن، بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر کۆی تەوەرەکان ھەڵوەستەی کرد و روونیکردەوە زانکۆکانی ھەرێم لەجێی متمانەن و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراق لە یەکەمەکاندان، کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە و ھانمان دەدات پەرۆشی پێشخستنی زیاتری ئاستی زانستییان بین و ھەوڵبدەین پرۆگرامی خوێندن بە شێوەیەک بێت خوێندکار و گەنجی نموونەیی و بەکار و راھێنراو لە بوارە جیاجیاکاندا بەرھەمبھێنێت، لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا و بۆ پێویستی ئەمڕۆ ئامادەیان بکەین.

لەو ڕرووەوە ووتی "مەبەستمانە ریفۆرم بکەین لە خوێندنی باڵا و کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین تا  ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای دەرەوە خۆیان نوێبکەنەوە و بەشێوەیەک ئاستی زانستییان گرنگی پێبدرێت تا زانکۆکانمان رۆڵی گرنگی و زیاتر بگێڕن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ھەرێم".

ھەر لەدیدارەکەدا لەسەر رێکخستنەوە و گەشەپێدانی ئۆرگانەکانی یەکێتی و ھێنانەپێشەوەی گەنج و ژن و سەرکردایەتیکردنیان لەناو کاری رێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوروونیدا و جەختیکردەوە "گەنج و لاوان شادەماری بەردەوامیی ژیانی حزبی یەکێتی دەبن و تواناکانیان دەخرێتە خزمەت گەشەپێدانی کاری رێکخراوەیی، لەو نێوەندەشدا ژنان زیاتر دەھێنرێنە پێشەوە و رۆڵیان لە سەرکردایەتیکردندا دەبێت و یەکێتی باوەڕی تەواویشی بە ھاوسەنگی جێندەری ھەیە و پارێزگاریکردن لە مافەکانیشیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین".

چۆنێتی دروستکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی ھەرێم، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و زانکۆکانی دونیای دەرەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و چەند میکانیزمێک خرایە بەرباس.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan