کوردستانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێم کۆبووەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێم کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ، د.سۆران جەمال تاھیر و پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێم، عیراق و پرسی ھەڵبژاردن هەڵوەستەیکرد و بەڕاشکاوی ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و رایگەیاند، یەکێتی ھێزێکە قورسایی سیاسی خۆی ھەیە و لەناو ھاوکێشە ناوخۆیی، عیراقی و جیھانییەکانیش کاریگەری خۆی هەیە، سەرۆک مام جەلال پاشخانێکی سیاسیی گەورە و پەیوەندییەکی دۆستانەی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروستکردووە، ئێمەش جگە لە پاراستنی، پەرەپێدەر و درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییانە دەبین لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان.
سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، زۆرینەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێدان، بەشێوەیەک کە بوار بۆ ساختەکاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن نەوەک هێز و لایەنی تر نوێنەرایەتییان بکەن، هەروەها لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە ئاشکرا رایگەیاندووە "کە ئەو یاسایە موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە و دەبێت بە رێککەوتن و کۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت".
لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش کە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخکاری، جیاکاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەوبارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵکی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵکەکەی هێڵی سوورە. خەڵکەکەمان گلەیی و داواکارییەکانیان ئاڕاستەی ئێمە دەکەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمماندا کراوەیە.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی غاز و هەناردەکردنی هەڵوەستیکرد و وتی "دەبێت گرێبەست و شێوازەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان روونبکرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەکی تر بەسەر هەرێمەکەماندا بهێنین. بە شەفافی کار لەسەر ئەم کەیسە بکرێت و هاوڵاتییانی کوردستان بەشێکبن لە پرۆسەکە، هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم داواکارییانە ئەوا روون و ئاشکرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت. ئەمەش داواکاری خەڵکی کوردستانە جێبەجێی دەکەم و لەبەرامبەر ژیانی خەڵک و ئایندەی گەلەکەماندا، بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم".
سەبارەت بە پرسی نەوت و بەهەدەردانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی ئاشکرا کرد و وتی "بەداخەوە بەشێک لەو کۆمپانیایانەی لەبواری نەوتدا کار دەکەن لەلایەن حزبەوە ئاڕاستە دەکرێن و بۆ بەرژەوەندی کەسیی بەکاردەهێنرێن، بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش قبوڵ ناکەین و رێگەنادەین هیچ هێز و لایەنێک لەسەر قوت و ژیانی خەڵک خۆیان دەوڵەمەند بکەن".
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەڕێگەی نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیامێکی توند و روونی ئاڕاستەی ئەو لایەنە کرد کە بە مەرام و پیلان دەیەوێت دۆخی ھەرێم بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بشێوێنن و گەمارۆی داراییان بخەنەسەر و رایگەیاند "یەکێتی ئەو هێزە نییە کە پاشکۆیەتی و ئیستیفزاز لە هیچ هێز و لایەنێک قبووڵ بکات، بڕوامان بەخەباتی دیموکراسی هەیە و بەهەموو شێوەیەک خۆسەپێنی و تاکڕەوی رەت دەکەینەوە، بەڵام بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان، هەموو هەنگاوێک دەگرینەبەر لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکی خۆمان".
س.ر
س.ر
بیروڕا


